بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان شەوی سێ شەممە و لە چەندین پەیامی جیاجیادا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حوسێن ئیبراهیم تاها ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی، نیگەرانی خۆیی سەبارەت بە دۆخی ئێستای فەڵەستین و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پەیامانەدا، تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی وەک تیرۆر، کوشتار، دەستبەسەرکردنی خەڵک و ڕووخاندنی ماڵ و موڵکی ئەوانی بە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ ناو برد و جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانانەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکانی، بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی سەرقاڵبوونی ڕای گشتی جیهانی بە شەڕی ئۆکراینا و بێدەنگی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی بانگەشەکاری بەرگری لە مافی مرۆڤی بۆ تاوانی زیاتر بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین بەکار هێناوە، جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی بەپەلە و کاریگەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیسلامی لە پێناو پاڵپشتی گەلی فەڵەستین و ڕاگرتنی تاوانە بەردەوامەکانی زایۆنیستەکان و هەروەها تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای فەڵەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەی نێودەوڵەتی کردەوە.
ناوبراو لە درێژەدا جێگیربوونی ئاشتی بەردەوام و دادپەروەرانەی لە ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای کۆتایی هێنانی تەواو بە داگیرکاری فەڵەستین، گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی فەڵەستینی بۆ نیشتمانی خۆیان، دیاریکردنی سیستەمی داهاتووی فەڵەستین لە ڕێگای بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکی دادپەروەرانە بە بەشداری تەواوی دانیشتووانی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسڵمان و مەسیحی و جولەکە و لە ئاکامدا پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی فەڵەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز بە پێی پرۆژەی سیاسی و دیمۆکراتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران و تۆمارکراو لای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕاندەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو پەیامانەدا جەختی لە سەر ئامادەیی تەواوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا لە گەڵ وڵاتانی دۆست و موسڵمان بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرەی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە./.