بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ڕاگەێندراوە هاوبەشە کە واژۆی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەی لە سەرە، هاتووە کە:
لە درێژەی بەیاننامەی سێقۆڵی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاشایەتی سعوودیە و کۆماری گەلی چین (10 ی ئازاری 2023) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و هەروەها لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نێوان هەر دوو وڵات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و کۆنسووڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، کۆبوونەوەی نێوان حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی پاشایەتی سعوودیە لە ڕۆژی پێنج شەممە 17 ی خاکەلێوەی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 6 ی نیسان ی 2023 لە شاری پەکین بەڕێوەچوو.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی پەکین لە پێناو پەرەپێدانی بەستێنی هاوکارییەکان و مسۆگەرکردنی متمانەی نێوانیان کردەوە بە شێوازێک کە یارمەتیدەری دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ناوچەکە بێت.
هەر دوو لا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی هاوکاری ئەمنی نێوان هەر دوو وڵات (17 ی 4 ی 2001) و ڕێکەوتنی گشتی هاوکاری لە بواری ئابوری، بازرگانی، سەرمایەگوزاری، تەکنۆلۆژیا، زانست، ڕۆشنبیری، وەرزش و گەنجان کردەوە کە لە بەرواری 27 ی 5 ی 1998 لە نێوان تاران و ڕیاز واژۆی لە سەر کراوە.
هەر دوو لا ڕێکەوتن کە نوێنەرایەتییەکانیان لە ماوەی دیاریکراودا بکرێتەوە و هەنگاوی کرداری بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکان لە تاران و ڕیاز و کۆنسووڵخانەکان لە مەشهەد و جەدە بگیرێتەبەر.
ئێران و سعوودیە لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە هاوئاهەنگی پێویست لە نێوان هەر دوو لا لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەت دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، سەردانی بەرامبەری شاندە فەرمییەکان و کەرتی تایبەت، ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤێزە بە هاووڵاتیان بە تایبەت بۆ حەجی عەمرە هەبێت.
هەر دوو لا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ئێران و سعوودیە بە بۆنەی ئەم ڕێکەوتن و پێشوازییەوە دەستخۆشییان لە کۆماری چین کرد. هەروەها سوپاسی سویسراش کرا بە بۆنەی هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و سعوودیە.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بانگهێشتی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ ڕیاز و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دووقۆڵی.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەی کرد بۆ تاران و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دووقۆڵی./.