بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم (SIPRI) لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵیانەی خۆی لە ئازاری 2023 ئاماری تایبەت بە ڕێژەی هەناردە و هاوردەی چەکی لە وڵاتان و ناوچە جیاجیاکانی جیهان بڵاو کردووەتەوە.
ئەمریکا لە سەدا 40، ڕووسیا لە سەدا 16، فەرەنسا لە سەدا 11، چین لە سەدا 5.2، ئەڵمانیا لە سەدا 4.2، ئیتالیا لە سەدا 3.8، بەریتانیا لە سەدا 3.2، ئیسپانیا لە سەدا 2.6، کۆریای باشور لە سەدا 2.4 و ڕژێمی زایۆنیستی لە سەدا 2.3 ی هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازی جیهانیان هەبووە و بە گەورەترین هەناردەکارانی ئەم بوارە دادەنرێن. ئەم وڵاتانە لە ساڵانی 2018 تا 2022 زیاتر لە سەدا 90 ی هەناردەی چەکی جیهانیان لا بووە. وڵاتانی ئەمریکای باکور و ئەروووپا لە ساڵی 2018 تا 2022 لە سەدا 87 ی کۆی گشتی هەناردەی چەکی جیهانیان هەبووە.
گەورەترین هاوردەکارانی چەک لە جیهان
هیندستان، سعوودیە، قەتەر، ئۆسترالیا و چین گەورەترین هاوردەکارانی چەک و کەرەستەی سەربازی لە ساڵانی 2018 تا 2022 بوون. ئەم پێنج وڵاتە بە گشتی لە سەدا 36 ی هاوردەی چەکی جیهانیان هەبووە. میسر بە لە سەدا 4.5، کۆریای باشور بە لە سەدا 3.7، پاکستان بە لە سەدا 3.7، ژاپۆن بە لە سەدا 3.5 و ئەمریکا بە لە سەدا 2.7 لە پلەکانی دواتری گەورەترین هاوردەکارانی چەکی جیهان ناویان هاتووە. ئەم 10 وڵاتە ئامانجی زیاتر لە سەدا 55 ی هاوردەی چەکی جیهانن. ئاسیا و ئۆقیانوسیە بە لە سەدا 41، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لە سەدا 31، ئەورووپا بە لە سەدا 16، ئەمریکا بە لە سەدا 5.8 و ئەفریقا بە لە سەدا 5، زیاترین پشکیان لە هاوردەی سەربازی لە ئاستی جیهاندا هەبووە.
ئەمریکا بە شەڕەوە زیندووە!
ئەمریکا خوڵقێنەری قەیرانەکانی جیهانە و شەڕ و پێکدادانی نێوان وڵاتان لە بەرژەوەندی ئابوری ئەودایە. بەم پێیەش وڵاتانی دراوسێی چین، ڕووسیا و ئێران ئامانجی سەرەکی هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازی ئەمریکان. ئەمریکا بە تەنیایی لە سەدا 40 ی هەناردەی سەربازیی جیهانی لایە. بەراورد بە ساڵانی 2013 تا 2017 ڕێژەی هەناردەی سەربازیی ئەمریکا لە سەدا 14 زیادی کردووە و پشکی جیهانیشی لە سەدا 33 گەیشتووەتە لە سەدا 40 و چەکی بۆ 103 وڵاتی جیهان هەناردە کردووە. کۆی گشتی هەناردەی سەربازیی ئەمریکا لە سەدا 148 زیاترە لە ڕووسیا کە پلەی دووەمی جیهانی هەیە. ئەمریکا بە تەنیا چەک و پێداویستی سەربازیی 20 وڵات لە 40 وڵاتی گەورە هاوردەکاری چەک دابین دەکات.
دراوسێکانی ڕووسیا:
سێ وڵات لە ئەندامانی ئەورووپیی ناتۆ لە ڕیزی 10 هاوردەکاری گەورەی چەکی جیهان لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوو بوون. بەریتانیا لە سەدا 4.6، هۆڵەندا لە سەدا 4.4 و نەرویج لە سەدا 4.2 ی هەناردەی چەکی ئەمریکایان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.
ئەمریکا لە سەدا 65 ی کۆی گشتی هاوردەی چەکی ئەندامانی ناتۆ لە ئەورووپا و لە سەدا 56 ی کۆی گشتی هاوردەی چەکی کیشوەری ئەورووپای لە ساڵانی 2018 تا 2022 بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. وڵاتانی ئەورووپیی ئەندام لە ناتۆ بە هۆی هەڕەشەکانی ڕووسیاوە پڕچەک کراون.
دراوسێکانی چین:
شەش وڵات لە 10 وڵاتی گەورە هاوردەکاری چەکی جیهان لە ساڵی 2018 تا 2022 لە ئاسیا و ئۆقیانوسیە بوون. هیندستان، ئۆسترالیا، چین، کۆریای باشور، پاکستان و ژاپۆن.
ئەمریکا هەناردەکاری لە سەدا 31 ی چەکی پێویستی ئەم ناوچەیە بووە. ژاپۆن و کۆریای باشور هاوپەیمانی ئەمریکان. ئەمریکا لە ساڵی 1950 تا ئێستا گەورەترین وڵات بووە کە چەکی ئەوانی دابین کردووە. ژاپۆن لە سەدا 97 و کۆریای باشور لە سەدا 71 ی پێداویستی سەربازی خۆیی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئەمریکا دابین کردووە. ئۆسترالیاش لە سەدا 73 ی چەکی خۆیی لە ئەمریکا هاوردە کردووە. ئەم وڵاتە خۆی بۆ ئەگەری شەڕی چین پڕچەک کردووە.
دراوسێکانی ئێران:
چوار وڵاتی سەرەکی هاوردەکاری چەکی ئەمریکا لە دراوسێکانی ئێرانن. سعوودیە لە سەدا 19، قەتەر لە سەدا 6.7، کوێت لە سەدا 4.8 و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سەدا 4.4 ی کۆی گشتی هەناردەی چەکی ئەمریکایان لە ساڵانی 2018 تا 2022 مسۆگەر کردووە. بە واتایەکی دیکە، سعوودیە لە سەدا 78، قەتەر لە سەدا 42، کوێت لە سەدا 78 و ئیمارات لە سەدا 66 ی پێداویستی سەربازیی خۆیان لە ئەمریکاوە دابین کردووە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجی هەناردەی لە سەدا 41 ی چەکی ئەمریکا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو بووە. واشنتن بەردەوام لە بەرەیەکدا لە دژی بەرەی دیکە بووە. ڕاگەیاندنی گرێبەستی 450 ملیار دۆلاریی فرۆشتنی چەکی ئەمریکا لە گەڵ سعوودیە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ وەک هەوڵێک بۆ دژایەتی ئێران بووە. ڕێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ئێران و سعوودیە لەم ڕووەوە بۆ ئەمریکا مەترسی هەیە. بە واتایەکی دیکە نەبوونی شەڕ و سەقامگیربوونی ناوچەکە بە واتای نەبوونی بەرژەوەندی ئەمریکایە.
خاڵی گرنگ لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە کە هاوردەی چەکی ئێران لە ساڵی 1993 تا ئێستا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆر کەم بووە. بە تایبەت لە ساڵانی 2018 تا 2022 لە سفرەوە نزیک بووە./.