بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی لە چاوپێکەوتنی محەممەد بن عەبدولعەزیز خەلیفی وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی قەتەر کە سەردانی تارانی کردووە، بە ئاماژە بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان وتی: پێویستە بە چارەسەرکردنی بەربەستەکان، ئاستی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان و هەروەها چالاکی هاوبەش لە بواری جێبەجێکردنی پرۆژە ژێرخانییەکان بە پێی ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان بەرز بکرێتەوە.
شەمخانی وتی: لە چوارچێوەی ستراتیژی دیپلۆماسیەتی دراوسێتی کە لە کابینەی ئێستای ئایەتوڵڵا ڕەئیسی پەیرەو دەکرێت، پەرەپێدانی هاوکاری و پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ گرنگییەکی تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەیە و بۆ ئەمەش هیچ سنورێک نابینین.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی کە پەیوەندی برادەرانە و چالاکی نێوان تاران و دەوحە دەتواێت نموونەیەک بۆ پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بێت.
محەممەد بن عەبدولعەزیز خەلیفی وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی قەتەریش لەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی نێوان تاران و ڕیاز، ئەم هەنگاوەی لە پێناو مسۆگەربوونی ئاسایش و سەقامگیری زیاتری ناوچەکە بە کاریگەر ناو برد.
ناوبراو وتی کە زیاترکردنی هاوکارییە بازرگانییەکان و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی پرۆژە ژێرخانییەکان لە گرنگترینی ئەو بابەتانەن کە دەبێت بە هەوڵی هاوبەشی هەر دوو لا کاریگەری خۆی لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و قەتەر دابنێت./.