بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دیمێتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە هەندێک کەسی نەفام و نەزان وەک وەزیری دادی ئەڵمانیا دەڵێن ئەگەر ڤلادیمیر پوتین سەردانی ئەم وڵاتە بکات، دەستگیر دەکرێت. ئایا ئەو وەزیرە تێدەگات کە لێدوانەکەی بە واتای چییە؟ سەرۆک کۆماری وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی سەردانی ئەڵمانیا بکات و دەستگیر بکرێت، ئەمە بە واتای چییە؟ ئەم بڕیارە بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕی دژ بە ڕووسیایە.
ناوبراو وتی کە لە وەها بارودۆخێکدا ڕووسیا بە هەموو توانایەکەوە بەرگری لە خۆی دەکات تا پەرلەمان و نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەلمانیا و شوێنەکانی دیکە بکاتە ئامانج.
هەفتەی ڕابردوو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی شەڕ لە ئۆکراینا دەرکرد./.