بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 29 ی ئازاری 2023 لە شاری مۆسکۆ لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ کۆدەبێتەوە.
لە ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا هاتووە کە وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی، پرۆژەکانی کەرتی وزە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وتووێژ دەکەن.
پێشبینی دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا لە سەر کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی نێوان ئێران، ڕووسیا، تورکیا و سوریا و هەروەها دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆسیەی ئۆکراینا بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و لاوڕۆڤ بێت./.