بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکیان لە شاری مەشهەد کە لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی بووە، بە ئاماژە بە پیلانەکانی دوژمنان وتیان: ئەو گۆڕانکارییەی دوژمنان باسی دەکەن، پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت، دوژمنان گۆڕینی شوناس و ناسنامەی گەلی ئێرانیان وەک ئامانجێک داناوە، ئەگەر دەڵێن گۆڕانکاری لە پێکهاتە و شۆڕش، مەبەستیان هەمان گۆڕینی شوناسی ئێرانی ئیسلامییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئامانجی دوژمنان نەهێشتنی هەموو ئەو شتانەیە کە ئەم شوناسە وەبیری خەڵک دێننەوە، ئەوان دژی یادکردنەوەی ئیمامن، دژی ئامانجەکانی ئیمامن، دژی وەلایەتی فەقین، دژی ڕۆژی قودسن، لە گەڵ هەر سەروەرییەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژایەتی دەکەن، ئەمانە خاڵە بەهێزەکانی وڵاتی ئێمەن و دوژمنان دەیانەوێت لە ناویان ببەن.
بەڕێزیان وتیان: ئامانجی دوژمنان ئەوەیە کە حکومەتی ئیسلامی پشت ئەستور بە دەنگی خەڵک، بۆ هەر حکومەتێکی خوازراوی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بگۆڕنەوە، حکومەتێک کە گوێڕایەڵی ئەوان بێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر دوژمنان وتیان: یەکەم نیشانەی بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ناوخۆییەوە ئەوەیە کە گەل و حکومەتی ئێران بەردەوام لە بەرامبەر زنجیرە پیلانەکانی دوژمنان سەرکەوتن بە دەست دێنن. لە جیهاندا کام گەل دەناسن کە بتوانێت لە بەرامبەر ئەم هەموو پیلانە خۆڕاگری بکات و شکست بە پیلانگێڕان بێنێت؟
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیان ئاماژەیان بە پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕییەکانی چەند مانگی ڕابردوو دا و وتیان: گەلی ئێران لە بەرامبەر کودەتا، گەمارۆ و شەڕی میدیایی و پیلانی ئەمنی خۆڕاگری کرد، لە ئاژاوەگێڕییەکانی چەند مانگی ڕابردووش دوژمنان بە هەموو هەوڵ و توانایەکەوە هاتنە گۆڕەپانەکەوە، ئەمریکا بە هەموو هێزێکەوە لە بەرەی یەکەمی دوژمنایەتییەکاندا بوو بەڵام گەلی ئێران شکستیان بەوان هێنا و لە 22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی ئەوەیان سەلماند کە پێگە جەماوەرییەکەی کۆماری ئیسلامی لە چ ئاستێکدایە.
بەڕێزیان وتیان: پێشکەوتنی گەلی ئێران نیشانەیەکی دیکەی بەهێزبوونی ئەم گەلەیە، دوژمنان لە بەردەوامی و پەرەسەندنی پێشکەوتنەکانی گەلی ئێران ناڕازین، هەموو ئەم پێشکەوتنانەش لە سەردەمی گەمارۆ و سزا ئابورییەکان بەدیهاتوون.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: دوژمنان هەوڵی ئەوەیاندا کە ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا پەراوێز بخرێت بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو، پەیوەندییەکانی ئێران ئەگەر لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی لاواز بووە لە گەڵ وڵاتانی ئاسیایی بەهێزتر بووە و ئەم ڕێگایە درێژەی دەبێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: گەلی ئێران بەو ڕاستییە گەیشتوون کە دەبێت پشت بە توانا ناوخۆییەکان ببەستن، ئەمەش لە لایەن خەڵک و بەرپرسان بە تایبەت گەنجانەوە وەک ستراتیژێک دیاریکراوە./.