بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەروەها گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ ڕەتکردنەوەی هەر دەسدرێژییەک بۆ خاکی وڵاتانی دراوسێ کردەوە و وتی کە عێراق دژی ئەوەی کە گرووپە چەکدارە نەیارەکانی وڵاتانی دراوسێ لە خاکی خۆیدا ببینێت.
لەو چاوپێکەوتنەدا ڕێکەوتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراق تاوتوێ کرا و محەممەد شیاع سودانی پاڵپشتی خۆیی بۆ ڕێکەوتنەکە و ئامادەیی بۆ هاوکاریکردن لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ڕاگەیاند.
عەلی شەمخانی سڵاوی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە سەرۆک وەزیرانی عێراق و جەختیکردوە کە تاران داوای پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە گەڵ عێراق دەکات.
لە پەراوێزی ئەو چاوپێکەوتنەدا ڕێکەوتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق واژۆ کرا.
ڕێکەوتنەکە پەیوەندی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان و هەروەها بوارەکانی دیکەی ئەمنییەوە دەبێت./.