بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 13 ی ئازاری 2023 لە چاوپێکەوتنی ئەلکساندر لۆکاشینکۆ سەرۆک کۆماری بیلاڕووس و شاندی یاوەری، دەفرایەتی هاوکاری نێوان هەر دوو وڵاتیان زیاتر لەمەی ئێستا ناو برد و جەختیان کردەوە کە دەبێت بە کەڵک وەرگرتن لە ئیرادەی هەر دوو لا بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان، ئاستی پەیوەندییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و بیلاڕووس، یەکێک لەو خاڵانەیان بە سزا و گەمارۆ زاڵمانە و تاکلایانەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناو برد و وتیان: ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە سزا دراون دەبێت بە هاوکاری یەکتر و بە پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی هاوبەش، کارتی سزا و گەمارۆکان پووچەڵ بکەنەوە و ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەم کارە دەکرێت.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران لە هەمان سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕسی ئیسلامییەوە، وتیان: سزا و گەمارۆکان وایکرد کە ئێران بیر لە توانا ناوخۆییەکانی خۆی بکاتەوە و لەم ماوەی گەمارۆ و سزاکاندا بەستێنی پێشکەوتنی زۆر بۆ ئێران دابین کرا و وڵاتی ئێمە لە زۆر بواری وەک زانست و تەکنۆلۆژیا، پزیشکی و بایۆلۆجی، ئاسمانی، ناوەکی و نانۆ سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێنا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان کردەوە کە ئەگەر ئەو وڵاتانەی لە لایەن ئەمریکاوە سزا دراون، کەڵک لە تواناکانی یەکتر وەربگرن، بەرژەوەندییەکانی بۆ هەمووان دەبێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە ڕێکەوتن و قسەکان نابێت لە کۆبوونەوەکاندا کۆتایی بێت بەڵکوو دەبێت لە کاتی دیاریکراو بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بکرێت./.