بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی شەممە 11 ی ئازاری 2023، سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران – ڕیاز، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کابینەی بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، لە پێناو جێبەجێکردن و بە کرداریکردنی سیاسەتی پەیوەندیی هاوسەنگ، دیپلۆماسی چالاک و سیاسەتی دراوسێتی و لە درێژەی هەنگاوە کاریگەرەکانی پێشوو، هەنگاوێکی گرنگی دیکەی بەرەو پێش نا و لە ئەنجامی دانوستانەکان، ڕێکەوتنی پەکینی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە مسۆگەر کرد.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەم بڕیارە پیشانیدا کە لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی ئێران و گەلانی موسڵمان، دۆست و دراوسێ و بەکارهێنانی تواناکانی ناوچەکە بۆ مسۆگەربوون و پتەوبوونی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام و دابینکردنی بەرژەوەندی هاوبەش و گشتی حکومەتەکان و گەلانی ناوچەکە، ئیرادەی جیدی هەیە و هەنگاوی کاریگەری بەرەوپێش ناوە.
بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم وەزارەتە بە دڵنیایی لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێکەوتنە لە دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەر دوو گەلی ئێران و سعوودیە و گەلانی دیکەی ناوچەکە، دەستخۆشی لە دەستپێشخەری، میوانداری و ڕۆڵی چین و هەروەها وڵاتانی دۆست و دراوسێ، عۆمان و عێراق دەکات./.