بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جاناتان پانیکۆف لە شارەزایانی کاروباری ئەمنی ئەمریکا وتی: بڕیاری ئێران و سعوودیە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانیان لە درێژەی ئەو پەیوەندییەدا بووە کە ساڵانێکە بە بێدەنگی هەبووە و گەشەی بەرچاوی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان لە ساڵی 2022 ئەمە پیشان دەدات.
ناوبراو کە بەڕێوەبەری بەرنامەی سەردانەکەی جۆباید سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و سعوودیە بووە، وتی: سەرەڕای ئەمەش، زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات پیشاندەری خواستی سعوودیەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئێران.
ئەو شرۆڤەکارە ئەمریکییە وتی: سەرەڕای ئەو هەموو ڕاپۆرتە کە سەبارەت بە زیاتربوونی پەیوەندییە ئەمنی و بازرگانییەکان و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بڵاو بووەتەوە، ستراتیژ و گرنگیدانی ڕیاز لە ئێستادا جۆربەجۆرکردنی سەرچاوە ئابورییەکان و دابەزاندنی ڕێژەی بەسراوەییە بە نەوت و غاز.
جاناتان پانیکۆف وتی: بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش ڕیاز هەوڵی ئەوە دەدات دڵنیایی لە سەقامگیری ناوخۆیی و خوڵقاندنی کەشێکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی بیانی بە دەست بێنێت و ئەمەش بە کۆمپانیاکان و وڵاتانی دیکە پیشان بدات.
ناوبراو وتی: ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی تاران لە گەڵ واشنتن و تەل ئەبیب بووە، ڕەنگە تاران بیر لەوە بکاتەوە کە بەم ڕێکەوتنە و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕیاز بتوانێت ڕێگری لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بکات.
پانیکۆف وتی: ڕۆڵی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو زیاتربوون دەڕوات و ئەمەش هۆشدارییەکە بۆ بەرپرسانی ئەمریکا و چین لەم ناوچەوە هەوڵی لاوازکردنی هەژموونی ئەمریکا دەدات./.