بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەیدڕەزا سەدرحوسێنی شارەزا لە کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا سەبارەت بە ڕێکەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە کە لە چین واژۆ کرا، وتی: پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی وڵاتان یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانە لە بواری زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەڵبەت هەندێک کات ئەم پەیوەندییانە ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە. پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیەش مێژوویەکی زۆری هەیە و کێشە و گرفتی زۆریشی هەبووە.
ناوبراو وتی: حەج یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەیە، بە پێی موسڵمانبوونی هەر دوو وڵات و بوونی ماڵی خودا و مزگەوت و مەزاری پیرۆزی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) ئەم پەیوەندییانە بۆ ساڵانێکی دوور دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی ئەم پەیوەندییانە هەموو کات تووشی کێشەش بووەتەوە. لە ڕاستیدا کێبڕکێیەکی ناوچەیی لە ڕابردووەوە تا ئێستا لە نێوان تاران و ڕیاز هەبووە بەڵام بەرپرسانی هەر دوو وڵات هیچ کات موڵەتی ئەوەیان نەدەدا کە پەیوەندییەکان بە تەواوی تووشی پچڕان بێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی سعوودیە بۆ ڕژێمی سەدام لە ساڵانی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراو، وتی: لە سەردەمی بەرگری پیرۆز کە سعوودیە بە شێوازی ڕاستەوخۆ هاوکاری بەرچاوی گەیاندە ڕژێمی بەعسی سەدام، پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز نەپچڕا. پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە تا ساڵی 1366 ی کۆچی هەتاوی (1988) بەردەوام بوو تا ئەوەی کە حاجییە بێ تاوانەکانی ئێرانی لەو وڵاتەدا کۆمەڵکوژ کران، بۆ ماوەیەک پەیوەندییەکان گەیشتە نزمترین ئاست بەڵام ئەم ڕووداوانە نەبوونە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات. لە ساڵی 1394 ی کۆچی هەتاوی (2016) ڕووداوێکی نەخوازراو بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوویدا کە تێیدا گرووپێک هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران پاڵپشتییان لەو ڕووداوە نەکرد بەڵام بووە هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکان، ئەو ڕووداوەش هۆکارەکەی زیاتر بۆ لەسێدارەدانی کەسایەتی ئائینی شێعە ئایەتوڵڵا سێخ نمەر دەگەڕایەوە. سعوودیە کە هەوڵی دۆزینەوەی بیانوویەکی دەدا تا لە گەڵ ئەمریکا و دوژمنانی دیکە گوشار لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دابنێت، پەیوەندییەکانی خۆی بە شێوازی تاکلایانە پچڕاند.
سەیدڕەزا سەدرحوسێنی لە درێژەدا وتی: 7 ساڵ پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵات ڕاگیرابوو. ئەڵبەت دەستپێشخەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ساڵانەدا ئەوە بوو کە دیپلۆماسی حەجی لە دیپلۆماسی سیاسی جیا دەکردەوە و ئێمە توانیمان پاش ماوەیەکی لەم لە پچڕانی پەیوەندییەکان، حەج و ناردنی زیارەتکاران دەست پێبکەینەوە بەڵام بۆ حەجی عەمرە و کاروباری بازرگانان و هەندێک سیاسەتی هاوبەش کێشە کەوتە بەردەم پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز. لە دوو ساڵی ڕابردوو بە هەوڵ و نێوەندگێڕیی عێراق 5 گەڕی دانوستانەکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئیرادەی هەر دوو وڵات ئەوە بوو کە پەیوەندییە سیاسییەکان دەست پێبکرێتەوە کە ئەمەش بە سەردانەکەی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی هەر دوو وڵات بۆ چین و بە نێوەندگێڕی ئەو وڵاتە گەیشتە ئەنجام.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە هۆکاری نێوەندگێڕی چینی لە نێوان ئێران و سعوودیە بۆ هەوڵی دابەزاندنی کاریگەری و لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە گەڕاندەوە و وتی: پێدەچێت کە چین و سعوودیە بڕیار ئەوەیان داوە کە پێگەی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس و لە نێو وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی سعوودیە دابەزێنن. هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیەش پێش سەردانەکەی چین بەو ئەنجامە گەیشتبوون کە دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و ناوچەییەکانی ئەوان بەندە بە هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لە نێوانیاندا. بەم دۆخەشەوە پێگەی ئەمریکا ڕوبەڕوی پرسیار دەبێتەوە و پیشاندەری لاوازبوونی ئەمریکایە لە ناوچەکە تەنانەت لە ڕوانگەی سعوودیەشەوە وەک هاوپەیمانێکی هەمیشەیی ئەو وڵاتە.
ناوبراو نەبوونی پەیوەندی ئێران و سعوودیەی بە هۆکارێکی هەوڵدانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ زیاترکردنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی ناو برد و وتی: ئەوەی کە لە ئێستادا گرنگە، دابینکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی، ناوچەیی و ئاسایشی گشتییە لە ناوچەکە کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات بە بۆشایی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی کاریگەری وەک ئێران و سعوودیە، لەم بۆشاییە کەڵک وەربگرێت.
سەدرحوسێنی بە ئاماژە بە پرسی نێوەندگێڕی چین لە نێوان ئێران و سعوودیە وتی: کێبڕکێی ئەمریکا و چین وەک دوو زلهێزی جیهانی لە بواری ئابورییەوە گەیشتووەتە بواری سیاسی، چین لە سەر ئاستی جیهان هەوڵ دەدات بەدەر لە بواری ئابوری، کاریگەری سیاسیشی لە ناوچەکانی شوێن دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چیدی ئەو کاریگەرییەی پێشوویان لە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی خۆیان نەماوە. لە سیستەمی ئێستای جیهاندا نابێت گەلان بیر لەوە بکەنەوە کە تەنیا ڕێگای پێشکەوتن و گەشەسەندن بوونی پەیوەندییە لە گەڵ ئەمریکا. لە ڕاستیدا ئەم نێوەندگێڕییەی چین پیشانیدا کە ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا لە سەپاندنی ئیرادەی خۆی بە سەر وڵاتانی هاوپەیمانەوە شکستیان هێناوە یان ئەو کاریگەرییە لاواز بووە. لە ئێستای جیهاندا وڵاتانی سەربەخۆ دەتوانن ڕۆڵ و کاریگەری زیاتریان هەبێت./.