بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش سەردانەکەی ئەم دواییەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەکین، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە ڕۆژی دووشەممە 6 ی ئازاری 2023 لە پایتەختی چین و بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ ڕێکەوتنەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆمار، دانوستانێکی چڕی بۆ چارەسەرکردنی بابەتە پەیوەندیدارەکان لە نێوان تاران و ڕیاز لە گەڵ هاوتا سعوودییەکەی دەستپێکرد.
لە کۆتایی دانوستانەکان، ئەمڕۆ 10 ی ئازاری 2023 بەیاننامەیەکی سێقۆڵی لە پەکین بە واژۆی عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران، موساعد بن محەممەد عیبان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سعوودیە و وانگ یی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەندامی ئەنجومەنی حکومی کۆماری چین بڵاو کرایەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ پاڵپشتیکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاشایەتی سعوودیە، بە پێی خواستی هەر دوو وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، شاندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی شەمخانی و پاشایەتی سعوودیە بە سەرۆکایەتی موساعد بن محەممەد عیبان لە بەرواری 6 تا 10 ی ئازار لە پەکین کۆبوونەوە و وتووێژیان کرد.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران و پاشایەتی سعوودیە وێڕای قەدرزانی و پێزانین بەرامبەر بە هەوڵەکانی عۆمان و عێراق و نێوەندگێڕی نێوان تاران و ڕیاز، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کۆماری چین بۆ بەڕێوەچوونی وتووێژەکان لەم وڵاتە دەکەن.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە تا دوو مانگی داهاتوو پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و باڵیۆزخانەکان و نوێنەرایەتییەکانی خۆیان لە هەر دوو وڵات بکەنەوە.
بەیاننامە هاوبەشەکەی ئێران، سعوودیە و چین ڕایگەیاندووە کە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە و دابینکردنی بەستێنی ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکان کۆدەبنەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەر دوو وڵات بە جەختکردنەوە لە ڕێزگرتن و سەروەری و نەبوونی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی هاوکارییە ئەمنییە واژۆکراوەکەی ساڵی 2001 و هەروەها ڕێکەوتنی هاوکارییە گشتییەکانی ساڵی 1998 ڕێکەوتوون.
هەر سێ وڵاتی ئێران، سعوودیە و چین ئیرادەی خۆیان لە پێناو وەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەکار دێنن./.