بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش سەردانە ڕانەگەێندراوەکەی لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ عێراق، لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بە چەندین پەیامی وەک ” بێڕێزی بە خوێنی شەهیدان، گەل و مێژوو “، ” شەرمەزارییەکی گەورە ” و ” سەردانی وەزیری داگیرکاری ” پێشوازییان لە سەردانەکە کرد و جەختیان کردەوە کە بۆ دەرکردنی داگیرکاران موڵەت لە کەس وەرناگرن و گومان لەوەشدا نییە کە کۆتایی بە داگیرکاری ئەمریکییەکان دێت.
کەتائیبی حزبوڵڵا: سەردانەکەی ئۆستن سووکایەتییە بە خوێنی شەهیدان، سەرکردە سیاسییەکان ئاگادار بن
ئەبوعەلی عەسکەری یەکێک لە سەرکردەکانی گرووپی خۆڕاگری کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە هاتنی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ عێراق، بێڕێزییە بە خوێنی شەهیدان، گەل و مێژووی ئەم وڵاتە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: کەتائیبی حزبوڵڵا پابەندی هیچ ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هێزەکانی داگیرکاری ئەمریکا نابێت و چاوەڕوانی وەڵامی هیچ کەسێکیش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری نابێت.
ئەو ئەندامەی باڵایەی کەتائیبی حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان بزانن کە دەبێت ئاگاداری جموجوڵ و پیلانەکانی دوژمنان بن، چ لە بەرگی دیپلۆمات و چ بە جلی سەربازی و ئەوەشیان لەبیر بێت کە سیاسییەکان بانگەشەی نوێنەرایەتی گەلێک دەکەن کە دژی زاڵبوونی بێگانەکانە.
عەسائیبی ئەهلی حەق: ئەمریکا تۆمەتبارە بە کوشتنی فەرماندەکانی سەرکەوتن لە دژی داعش
فراکسیۆنی پەرلەمانیی سادیقون سەر بە بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە زمانی حەسەن سالم نوێنەری خۆی لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی ڕەخنەی لە سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکا گرت و وتی: سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکا ئیدانە دەکەین لە بەر ئەوەی کە دەستی ئەوان بە خوێنی شەهیدانی سەرکەوتن بە سەر گرووپی تیرۆریستی داعش بە تایبەت شەهیدان سولێمانی و موهەندیس تێکەڵاوە.
کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا: گوشارەکان بێ کاریگەرن و کۆتایی بە داگیرکاری دێنین
گرووپی خۆڕاگریی کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم ئاسایش و سەقامگیرییەی عێراق بەرهەمی خوێنی شەهیدانی قارەمانی خۆڕاگرییە نەک بوونی هێزەکانی داگیرکار و بێگانە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بۆ عێراق جێی شانازییە کە وەزیری بەرگری ئەمریکا بەم شێوازە ترسنۆکانە و نیگەران و ڕانەگەێندراو سەردانی دەکات، وەک سەردانەکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا کە بە ناچاری و لە نێوان چەندین فڕۆکەدا گەیشتە عەین ئەسەد.
کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە خۆڕاگری بە هیچ شێوازێک لە بەرامبەر گوشارەکان خۆی بە دەستەوە نادات و واز لە ئامانجە سەرەکییەکەی بۆ دەرکردنی داگیرکاران و کۆتایی هێنان بە هەموو شێوازێکی داگیرکاری ناهێنێت.
هاوپەیمانی فەتح: گومان لەوەدا نییە کە داگیرکاران لە عێراق دەردەکرێن
کەریم عەلیوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هەوڵەکان لە دوو ئاستی سیاسی و جەماوەری بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە و هیچ پشتگوێخستن و گومانێک لە سەر دەرکردنی ئەو هێزانە نییە.
ناوبراو وتی: کۆدەنگییەک لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری، لایەنە سیاسییەکان و زۆرینەی خەڵک هەیە کە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن و ئەگەر واش نەبێت، چەندین ڕێگای دیکە بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە لە بەردەستە.
کەریم عەلیوی وتی کە حکومەتی عێراق دەبێت بە جیدی لە دۆسیەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بڕوانێت و یاساکەی پەرلەمانیش لەم بوارەدا جێبەجێ بکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەرکردنیان بڕیاری لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نییە بەڵکوو بژاردەیەکی نیشتمانییە./.