بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەریم عەلیوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هەوڵەکان لە دوو ئاستی سیاسی و جەماوەری بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە و هیچ پشتگوێخستن و گومانێک لە سەر دەرکردنی ئەو هێزانە نییە.
ناوبراو وتی: کۆدەنگییەک لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری، لایەنە سیاسییەکان و زۆرینەی خەڵک هەیە کە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن و ئەگەر واش نەبێت، چەندین ڕێگای دیکە بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە لە بەردەستە.
کەریم عەلیوی وتی کە حکومەتی عێراق دەبێت بە جیدی لە دۆسیەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بڕوانێت و یاساکەی پەرلەمانیش لەم بوارەدا جێبەجێ بکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەرکردنیان بڕیاری لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نییە بەڵکوو بژاردەیەکی نیشتمانییە./.