بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەرلەمانی عێراق پلانی بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەی هەیە بۆ لێپرسینەوە و تاوتوێکردنی دەستێوەردانە نایاساییەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا.
حەسەن سالم سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق پرسی بانگهێشتکردنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەی جوڵاندووە.
لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە کە بۆ تاوتوێکردنی دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا بانگهێشتی وەزیری دەرەوە بکرێت.
لە بەڵگەیەکدا کە ماڵپەڕی شەفەق نیوز بڵاویکردووەتەوە، 52 ئەندامی پەرلەمانی عێراق واژۆیان لە سەر نامەی بانگهێشتکردنی فۆئاد حوسێن کردووە.
لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵسووکەوتی ئەم دواییەی باڵیۆزی ئەمریکا بە دەستێوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە ناو دەبەن و داوا دەکەن سنورێک بۆ کارەکانی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە دابنرێت./.