بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” العراقیە ” وتووێژی بە چارەسەری کێشە و گرفتەکان ناو برد و جەختیکردەوە کە دۆخی عێراق باشتر بووە و لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشتری لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە.
ناوبراو وتی: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی ئێمە کەمترە لە ناوچەکانی دیکە، کێبڕکێی ڕەوا و یاسایی قبووڵکراوە بەڵام کێشمەکێشی نایاسایی ڕەتدەکرێتەوە، چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت لە ڕێگای لێک تێگەیشتن و هاوکاری نێوان لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە بێت، شەڕ و پێکدادانی خوێناوی ئەنجامێکی باشی نابێت، تەنیا ڕێگاچارەش دابینکردنی سەقامگیری و پاشان دەستپێکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگییە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە سەر پێویستی وتووێژ بۆ تێگەیشتن لە کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکانی کردەوە و وتی کە وتووێژ نابێت لە پێناو وتووێژ بێت بەڵکوو دەبێت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و خوازراو.
لەتیف ڕەشید پەیوەندییەکانی عێراقی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە بەهێز ناو برد و وتی: سەردانەکان و بڕیارەکانی ئێمە پەیوەندی پێکەوە هەیە، لە هەندێک کاتدا پەیوەندیمان بە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی دیکە وەک وڵاتانی ئەورووپییەوە هەیە تا ئاسایش و سەقامگیری عێراق مسۆگەر بکرێت.
ناوبراو دۆخی وڵاتەکەیی بە باش ناو برد و وتی کە لە پاش پێکهێنانی ئەم کابینەیە دۆخەکە باشتر بووە.
لەتیف ڕەشید وتی: لە ئێستادا سرنجی میدیاکان زۆر لە سەر عێراق نییە و دۆخی عێراق لە بوارەکانی ئەمنی و سەقامگیری و چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری و وەرزشی لە هەندێک وڵات باشترە، حکومەتیش پلانەکانی جێبەجێ دەکات و وێڕای پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بە خەڵک دەکرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق ئاوی بە کێشەیەکی جیهانی ناو برد و وتی: هەوڵەکانمان بەردەوامە و بەرەوپێشچوون هەبووە و هیوادارین ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی بە دواوە بێت، ئێمە پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی خۆمان لە ئاو دەوێت، هەندێک هۆکاری وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووانی و بەکارهێنانی ئاو بەراورد بە ڕابردوو لەم دۆخەدا ڕۆڵیان هەبووە.
لەتیف ڕەشید ئاماژەشی بە وزەی غاز دا و وتی کە ئێمە دەستمان بە وەبەرهێنانی غاز کردووە بەڵام ئەمە کاتی دەوێت، ئێمە دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق هەوڵ بدەین و گەلیش ئەو ڕاستییە دەزانێت کە لە ڕابردوودا کێشەی زۆر هەبووە./.