بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکین و واشنتن و لە سەر داوای لی کێ چیانگ سەرۆک وەزیرانی چین بۆ بەهێزکردنی بواری سەربازی و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە، چین بودجەی سەربازی خۆیی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 7.2 بەرز کردووەتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازیی چین لەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تا ڕادەیەک زیاترە و زیاتریشە لە پێشبینی مامناوەندی گەشەی ئابوریی حکومەت.
بودجەی نیشتمانیی چین کە بڵاو کراوەتەوە، پیشانیداوە کە 224 ملیار دۆلار بۆ کەرتی سەربازی تەرخان کراوە.
بودجەی سەربازی و بەرگری چین بووەتە جێی نیگەرانی وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا.
بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازیی چین لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ئەمریکا بە تایبەت لە دۆسیەی تایوان و زەریای چینی باشور کراوە./.