بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائیل گروسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ محەممەد ئیسلامی سەرۆکی دەستەی وزەی ناوەکی ئێران و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران وتی: ئاماژە بە هێرشی سەر دامەزراوە ناوەکییەکان لە پاش شەڕی ئۆکراینا هەموو کات هەبووە بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ئەمەی ئیدانە کردووە و لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر هێرشێکی سەر دامەزراوە ناوەکییەکان، ئیدانە دەکرێت و نایاساییە.
گروسی سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕەزامەندیی لە سەر ئەم سەردانە بۆ تاران هەیە، وتی: هەموو کات پێشوازی لە کۆبوونەوەکان لە گەڵ سەرۆکی دەستەی وزەی ناوەکی ئێران دەکەم و ڕەزامەندیم هەیە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە وتووێژ لە گەڵ ئێران هەیە، هێشتا ئیش و کارەکان تەواو نەبووە و هاوکاری لە گەڵ ئێران بەردەوامە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە بۆ هیچ چاودێرییەک لە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نییە، وتی: لە سەردانەکانم بۆ ئێران و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام ئەم پرسیارەم لێدەکرێت، ئەمە پرسیارێکی گرنگە، ئێمە بە پێی ڕێکەوتنەکان و NPT چاودێرییەکان دەکەین، من بە تۆمەتبار نەزانن، وەها نییە کە دوو سیاسەتمان بۆ چاودێریکردن و مامەڵەکردن لە گەڵ وڵاتان هەبێت، ئیسرائیل ئەندامی NPT نییە و ڕێکەوتنێکی جیاوازمان لە گەڵ ئەواندا هەیە، بە بۆچوونی من دەبێت هەموو وڵاتێک ئەندامی NPT بن.
(ڕژێمی زایۆنیستی خاکی وڵاتی فەڵەستینی داگیرکردووە و لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وڵات نییە)./.