بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا وێڕای جەختکردنەوە لە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی دراوسێ وتی کە بەغدا هەوڵی بەردەوامیدان بە نێوەندگێڕی خۆی لە نێوان ئێران و سعوودیە دەدات.
ناوبراو سەبارەت بە ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام وتی کە هەندێک لە ڕووداوەکان بە پێی چاوەڕوانییەکان نەبووە و هیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد داعش و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان ببینێت، دەبوو هەر لە سەرەتاوە تاوتوێی کێشەی داعش و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی بکرایە.
لەتیف ڕەشید داوای لە گەنجانی عێراقی کرد کە پشوودرێژ بن و متمانەیان بە داهاتوو هەبێت.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: هیچ ڕێگاچارەیەک نییە بەدەر لەوەی کە لە گەڵ یەکتردا بژین و دەبێت موڵەتی ئەوە بدەین تا هەڵبژاردنەکان لە سەر بنەمای دیمۆکراسی بەڕێوە بچێت.
وتیشی کە سەرەڕای دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە چەند مانگی ڕابردوو، دۆخی ئابوری عێراق بە هۆی داهاتی نەوتەوە لە دۆخێکی باشدایە و ڕەنگە یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان بێت کە کورتهێنانی بودجەی نەبووە./.