بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە 28 ی شوبات سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ژنێڤ بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ئەو سەردانە بە ئامانجی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بووە.
ناوبراو وتی: ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانم لەم بوارەدا ڕوون کردەوە، لە چەند مانگی ڕابردوو دوژمنان هەوڵی زۆریاندا کە ئەم بابەتە بکەنە ئامرازی پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و توانای خۆیان بۆ ئاژاوەگێڕی، تیرۆر و ناسەقامگیری لە ئێران بەکار هێنا. لەم دەرفەتە کەڵک وەرگیرا و ڕاستییەکان بۆ بەشداربووان ڕوون کرایەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی: چەندین بابەتی وەک هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان، هاوکاری نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی و ئێران و هەروەها دۆخی یەمەن، ئەفغانستان و ئۆکراینا لەو کۆبوونەوەدا تاوتوێ کرا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە کۆبوونەوەشی لە گەڵ چوار ڕێکخراوی مرۆڤدۆستانە وتی: لە گەڵ چوار ڕێکخراوی مرۆڤدۆستانەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی کۆچبەران و ئاوارەکانی ئەفغانستان وتووێژ کرا، ئێران نزیکەی 5 ملیۆن کۆچبەر، ئاوارە و پەنابەری ئەفغانستانی شوێن کردووەتەوە بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هیچ گرنگی و پاڵپشتییەک لەم ژمارە زۆرە ناکەن، وێڕای ئەوەی کە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش وایکردووە کە کاریگەری لە سەر دۆخی ئاوارەکان و پەنابەران دابنێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپی و ئەنتۆنیۆ گۆترش وتم کە ئایا ئەڵمانییەکان قبووڵ دەکەن ئەگەر هیتلەر منداڵێکی دەبوو، ببێتە ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە؟ ئەمە چ هەڵسووکەوتێکە کەسێک کە باوک و بنەماڵەکەی دەیان هەزار کەسیان لە ساڵانی حکومڕانییان لە ئێران کوشتووە، چل و چەند ساڵ بەر لە ئێستا ملیاران دۆلار داهاتی ئێرانیان دزیوە، ئێستا بانگەشەی پاڵپشتیکردن لەو کەسە دەکرێت، ئەمەش وەک ئەوەیە کە منداڵێکی هیتلەر ببێتە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: گەلی ئێران وەڵامی ئەمانەیان داوەتەوە./.