بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم وتی: لەم سەردانەدا لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وتووێژمان کرد، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە ئاستێکی باشدایە، ئەم پەیوەندییانە بە فەرمی لە ئاستی ستراتیژیدایە و لە ئاستی جەماوەری، یەک گەل و هاوبەش لە دوو خاکی سەربەخۆ و جیادایە.
پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی ئێران – عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و سەردانی زیارەتکاران
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە سەبارەت بە هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووینەوە، بەشێک لە ژێرخانەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە پەرەپێداندایە بە تایبەت هێڵی ئاسنی بەسرە – شەلەمچە و هەروەها هێڵی ئاسنی کرماشان – خۆسرەوی – مەنزەریە – بەغدا، پێمان وایە کە ئەم هێڵانە دەتوانێت بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و گواستنەوەی زیارەتکاران لە نێوان هەر دوو وڵات ڕۆڵی گرنگی هەبێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بۆچوونی هاوبەشمان هەیە کە دەبێت ئیش و کاری بارهەڵگرەکان لە سنورەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە شێوازێک ڕێکبخرێت کە بە ڕاستەوخۆ بتوانن لە پارێزگاکانی هەر دوو وڵات کاڵای خۆیان بە دەستی بەکارهێنەران بگەێنن.
کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی وەزیرانی ژینگە لە تاران بەڕێوە دەچێت
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەدەر لەمەش سەبارەت بە کێشەی تەپ و تۆز وتووێژمان کرد. لە نیوەی ساڵی نوێی ئێرانیدا کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە ئاستی وەزیرانی ژینگە بە ڕۆڵ و بەشداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە میوانداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکێک لە پارێزگاکاندا بەڕێوە دەچێت. بە دڵنیاییەوە کە بابەتی تەپ و تۆزەکان لەو بابەتانەیە کە کێشەی زۆری بۆ دانیشتووانی هەر دوو وڵات و ناوچەکە درووست کردووە، ئێمە لە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەم کێشەیە وتووێژمان کردووە.
هیچ چالاکییەکی گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازکان لە هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکرێت
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتی: تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکان، لە سەر دۆسیەی ئەمنی و پێویستی پتەوکردنی ئاسایشی سنورەکان بووە. ئێمە لە چەند مانگی ڕابردوو ئەم پەیامەمان بە ڕاشکاوانە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لێرە بە دوا هیچ چالاکی و جموجوڵێکی گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوازێک قبووڵ ناکات. خۆشبەختانە بە پێکهێنانی لێژنەی باڵای هاوکارییە ئەمنییەکان، دوو گەڕی وتووێژەکان لە تاران و بەغدا بەڕێوەچووە.
ڕەشنووسی ڕێکەوتنی هاوکارییە ئەمنییەکان ئامادە کراوە
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بەڕێز فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و هەروەها بەڕێز قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتە ڕۆڵی گرنگیان لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێکەوتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو وڵات هەبووە، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستانیش لە وتووێژەکاندا ئامادە بوون. ئێستا ڕەشنووسی ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێمەدا ئامادە بووە کە هیوادارین هەر چی زووتر ئەم ڕێکەوتنە واژۆی لە سەر بکرێت. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان، پەیوەندی ئەم گرووپانە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها چەندین دەزگای هەواڵگری دەرەکی، لە پلەی یەکەمدا هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی عێراق و پاشان ئێران و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش و دەبێت یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بەم بابەتە بهێندرێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمە بابەتێکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داوا کراوە و بە کەمیر لەمە ڕازی نابین. داخستنی سەرجەم بنکە و بارەگای تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان، داخستنی بنکەی سەربازی و مەشقی ئەوان و هەروەها ڕادەستکردنی تاوانباران. شتێک بە ناوی گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران قبووڵکراو نابێت. ئێمە لە ساڵانی ڕابردوو پشوودرێژ بووین و شەهیدی زۆرمان لەم پێناوەدا هەبووە، ئێستا هیچ دەرفەتێک بۆ بەردەوامی ئەم دۆخە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.
پەیوەندی دۆستانە و برایانەی ئێران و هەرێمی کوردستان
ناوبراو وتی: ئێمە پەیوەندییەکی باش، دۆستانە و برایانەمان بەدەر لە بەغدا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پەیوەندی مێژوویی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ بەرپرسانی کورد لە هەرێمی کوردستان هەیە. گەشبینین بەوەی کە ئەم پەیوەندییە بەهێزە بە ڕۆڵی تایبەتی بەغدا ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی وەها دۆخێک بکات بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی، بەرگری ڕەوا، کاریگەر و بەهێزی دەبێت.
قۆناغێکی نوێی وتووێژەکانی ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕیی عێراق
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز وتی: گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵات و ناوچەکە دەزانین. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پێشوازیی لە وتووێژ و هاوکاری لە گەڵ سعوودیە کردووە و بە ڕۆڵ و نێوەندگێڕیی عێراق بەرەوپێشچوونێکی باش لە 5 گەڕی وتووێژەکانی پێشوو هەبووە و ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی قۆناغێکی نوێی وتووێژەکانین.
ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەکان لە ئەنجامی وتووێژەکان
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە هەندێک لە بابەتەکان تا ڕادەیەک ڕێکەوتن کراوە بەڵام چەندین کێشەش لە نێوان ئێمە و سعوودییەکان ماوەتەوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە لە ئەنجامی وتووێژەکان کەشێکی لەبار بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هەر دوو وڵات دابین دەکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی دەکات.
پەیامی وەزیری دەرەوەی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئێران
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بەڕێز فۆئاد حوسێن کە لە سەردانی واشنتن گەڕانەوە هەڵگری ئەم پەیامە بوون کە لایەنی ئەمریکی بۆ ڕێکەوتن ئامادەیی هەیە، ئێمەش بەردەوام پێشوازیمان لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستان کردووە و لە دانوستان خۆمان بە دوور نەگرتووە.
ئەگەر لایەنی ئەمریکی ڕاستییەکان ببینێت، مەودایەکی زۆرمان تا ڕێکەوتن نابێت
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە لە چوارچێوەی ئەو دانوستانانەی کە تا ئێستا لە ڤیەننا کراوە و ئەو پەیامانەش کە بە شێوازی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێمە و ئەمریکییەکان ئاڵوگۆڕ کراوە کە دەستەبەری بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەکان و ئەڵبەت هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکات، بۆ ڕێکەوتنی کۆتایی و پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان بگەڕێینەوە. پێم وایە کە ئەگەر لایەنی ئەمریکی لە چوارچێوەی ئەو پەیامەی کە ناردوویەتی، ڕاستییەکان ببینێت و لێدوانە میدیاییەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، ئێمە مەودایەکی زۆرمان تا ڕێکەوتن نییە.
ناوبراو وتی: ئەوە لایەنی ئەمریکییە کە پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، هەر بۆیە پێش مەرج و لێدوانی هەڵە و دژ بە یەک، یارمەتیدەری چارەسەری کێشەکان نابێت. پێویستە ئەمریکییەکان دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و قەرەبووی هەڵەکانیان بکەنەوە. ئەڵبەت سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیاش لەم پێناوەدا دەبێت ڕۆڵی ئەرێنییان هەبێت و تووشی هەڵە نەبن./.