بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی سابت محەممەد سەعید ڕەزا عەباسی وەزیری بەرگری عێراق، سنورەکانی ئێران و عێراقی بە سنوری دۆستایەتی و هاوکاری ناو برد و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆی دەزانێت و پاڵپشتی لە پتەوبوونی دۆخی ئەمنی و سەقامگیری لەم وڵاتەدا دەکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق نابێت شوێنی پیلان یان هەڕەشە لە دژی وڵاتانی دراوسێ بێت و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری و سەربازی دەکات.
لەو چاوپێکەوتنەدا سابت محەممەد سەعید ڕەزا عەباسی وەزیری بەرگری عێراق وێڕای ستایشکردنی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی شەڕی داعش وتی کە بەغدا موڵەتی ئەوە نادات هیچ هەڕەشەیەک لە سەر سنورەکان و خاکی هەر دوو وڵات هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە پاڵپشتی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەل و حکومەتی عێراق لە قۆناغە دژوارەکان، داوای بەردەوامی ئەو هاوکارییانەی لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتەش کرد./.