بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سابت محەممەد سەعید ڕەزا عەباسی وەزیری بەرگری عێراق لە گەڵ لیوا ئاشتیانی وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
وەزیری بەرگری ئێران لەو کۆبوونەوەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ئەوانەی بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵاتانی ئێران و عێراق گیانفیداییان کردووە، بە تایبەت شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق خاوەن چەندین خاڵی هاوبەشن، بە تایبەت سنورێکی بەرفراوانی هاوبەش و دەبێت هەوڵ بدەین ئەم هاوبەشییە بکەینە هۆکاری یەکڕیزی نێوان هەر دوو وڵات، لە بەر ئەوەی کە ئەم یەکڕیزییە هەمان ئەو خاڵە بەهێزەیە کە دوژمنانی هەر دوو وڵات لە دژی پیلانگێڕی دەکەن، بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانانەش، پێویست بە وریایی و ووشیاری دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێشینەی شارستانی، کەلتوری و مێژوویی وڵاتی عێراق، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای پاڵپشتی لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خاکی عێراق لەم وڵاتە دەڕوانێت و بەردەوام لە پێناو سەقامگیری ئەمنی، سیاسی، گەشە و پێشکەوتنیش هاوکاری عێراقی کردووە.
وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: کۆبوونەوە بەردەوامەکانی بەرپرسانی باڵای سیاسی، ئابوری و سەربازی، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، هاوکاری لە بواری وزە و هەروەها بڕیاری هەر دوو وڵات بۆ بەڕێوەچوونی لێژنەی هاوبەشی ئابوری لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەغدا بە تایبەت سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق پیشاندەری پتەوبوونی پەیوەندییەکانە.
لیوا ئاشتیانی ڕایگەیاند کە بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان و شانە نوستوو و چالاکەکان لە عێراق بە تایبەت لە پارێزگا سنورییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک مەترسییەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی هەر دوو وڵاتە و وتی: پێویستی هاوئاهەنگی سەربازی، هەواڵگری و ئەمنی لە نێوان هەر دوو وڵات لە ئێستادا زیاتر بووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان بە تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس تاوانێکی گەورەیان کردووە، وتی: بەردەوام بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم دۆسیە دەکەین و بە دڵنیاییەوە کە ئێمە ڕێگای شەهیدانی خۆمان بە بەهێزبوونی پەیوەندییە سەربازییەکان لە گەڵ عێراق درێژەپێدەر دەبین.
وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە بوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەر ناوچەیەکی ئەم جیهانە ئاڵۆزی و دووبەرەکیی بە دواوە بووە و ئەمەش لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە هۆی سەرچاوەکانی وزە و پاراستنی ئاسایشی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی زیاتر بووە و بوونی ئەو وڵاتانەش بۆ ئەو بانگەشانەی کە لە بواری دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەکرێت، نییە.
لیوا ئاشتیانی وتی: ئێمە ئامادەین ئەزموونی خۆمان لە بواری پیشەسازی سەربازی ڕادەستی عێراق بکەین و وەزارەتی بەرگری لەم پێناوەدا لە گەڵ عێراق دەبێت.
وەزیری بەرگری عێراقیش لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا وتی: هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئێران لە ئێستاشدا سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆکان و داعشن و لەم پێناوەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی دۆست و دراوسێ، بە پێشکەشکردنی خوێن و پێدانی چەک هاوکاری ئێمەی کردووە.
سابت محەممەد سەعید ڕەزا وتی: ئێرانێکی بەهێز دەبێتە هۆی بەهێزبوونی عێراق و هەروەها عێراقێکی بەهێز ئێرانی بەهێزی بە دواوە دەبێت و ئەم هاوکارییانەش کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە چارەسەر دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان پاش شەڕێکی چەندین ساڵە لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان، داوای کەڵک وەرگرتنی لە توانا و دەفرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد./.