بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ کە بارەگاکەی لە نیۆیۆرک ی ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە واشنتن بەرە بەرە کاریگەری خۆی لە سەر وڵاتانی سزادراوی وەک کوبا، ئێران، سوریا، میانمار، کۆریای باکور، ڤەنزوێلا و لە ئێستاشدا ڕووسیا و چین لە دەست دەدات.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە وڵاتانی سزادراو بەو ئەنجامە گەیشتوون کە سزاکان بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و باشترە لە گەڵیدا ڕابێن و لە جێی هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان، بازرگانی خۆیان ببەنە بازاڕەکانی دیکە.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت ئابوری ڕووسیا لە ساڵی 2023 گەشە بکات و لە ئێستادا سەرەڕای لە دەستدانی بازاڕ و دابینکارانی کاڵای گرنگ، بازاڕی نوێی دۆزیوەتەوە، بۆ نموونە، پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ چین کە پیشاندەری مەترسییەکی گەورە بۆ ناوبانگی ئەمریکایە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سزاکانی ئەمریکا کە وەک چەکی ناوەکی ناوی دەبات، لێدانێکی وەها بۆ سەر کەرتی ئابوری ڕووسیا نەبووە و ئەمەش کاریگەری سیاسەتی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکای ڕوبەڕوی پرسیار کردووەتەوە.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە پێشتر ئەو وڵاتانەی کە ئامانجی سزاکانی ئەمریکا بوون، هێزی کێبڕکێی ئابوری وڵاتانی ڕۆژئاوایان نەبووە، سەرەڕای ئەمەش، دۆخەکە سەبارەت بە ڕووسیا و چین جیاوازە.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە سیستەمی ئێستای جیهان کە بەردەوام بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوو ڕوبەڕوی هێزە گەورەکان بووەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە هێندە چاوەڕوانی لە سەر مسۆگەربوونی ئامانجەکان لە ڕێگای سزا و گەمارۆکانەوە نەبێت./.