بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرتێکی لە سەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سعوودیە لە ناوچەکە بڵاو کردووەتەوە.
ئەو گۆڤارە بەریتانییە ڕایگەیاندووە کە ڕیاز لە ستراتیژی دوژمنایەتی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ئەوان (بۆ نموونە لە سوریا و یەمەن) ڕووی هێناوەتە ستراتیژی ئاشتەوایی.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە دیپلۆماتکارەکان بە دەگمەن شکست قبووڵ دەکەن، ئەمە هەمان ئەو کارەیە کە وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە بەرواری 18 ی شوبات لە مونیج کردوویەتی.
خەونی لادانی ئەسەد کۆتایی هات
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پاشایەتی سعوودیە هەوڵیداوە کە بەشار ئەسەد کە وەک دیکتاتۆری سوریا بە دەستانێکی خوێناوی پێناسەی دەکرد، لە پەراوێز و دوورخستنەوەدا بهێڵێتەوە. شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە ماوەی مانەوەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ی 2023 و لە وەڵامی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بەوەی کە وڵاتەکەی ڕەنگە ڕێگا سیاسییەکەی بگۆڕێت، ڕوونیکردەوە کە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکەی نزیک بووەتەوە. ناوبراو وتی کە کۆدەنگییەک هەیە کە ئەم دۆخە چیدی توانای جێبەجێکردنی نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گۆڤارە بەریتانییەکە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوو، سعوودیە دەیان ملیار دۆلاری بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد و ئەنساروڵڵای یەمەن بەکار هێناوە. ڕەنگە ڕیاز دان بەوەدا بنێت کە هەوڵەکانی شکستی هێناوە. ئەمەش بە هۆی ئەوەی نییە کە سعوودییەکان لە نەیارانی خۆیان نزیک بوونەتەوە.
سعوودیە لە لایەنگرانی سەرەکیی دژایەتیکردنی بەشار ئەسەد بوو و لە ساڵی 2012 پرۆسەی ناردنی چەک و پارەی بۆ نەیارانی حکومەتی دیمەشق دەستپێکرد. ئەو هەوڵانە شکستی هێنا. چەکەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە لە بەرامبەر هەوڵە ستراتیژییەکانی ئێران و دواتر ڕووسیا یەکسانی بکات.
ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاندووە کە تەنانەت پاش سەرکەوتنەکانی ئەسەد لە بەرەکانی شەڕ، سعوودیە لە گەڵ قەتەر خۆیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دیمەشق یان گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی بە دوور گرت. لە ساڵی 2012 ئەندامبوونی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی ڕاگیراوە. ئێستا وڵاتانی عەرەبی پێداگری لە سەر ئەم هەڵوێستە ناکەن. شازادە فەیسەڵ لە کۆنفرانسی میونشن وتی کە دیپلۆماتکارەکانی کەنداوی فارس لەو بڕوایەدان کە چیدی ڕێگایەکی ڕوون بۆ لادانی ئەسەد بوونی نییە.
کۆمکاری عەرەبی، بە بێ ستراتیژ
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە درێژەدا وتی کە هەموومان سیاسەتێکمان هەیە بەڵام بۆ جێبەجێکردنی هیچ ستراتیژێکمان نییە، هیچ ڕێگایەک بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجە دیاریکراوەکانمان نییە.
دیپلۆماتکارەکانی جیهانی عەرەب لەو بڕوایەدان کە پاشایەتی سعوودیە دەتوانێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی کە ڕەنگە لە مانگی مارس و بە میوانداری سعوودیە بەڕێوە بچێت، نزیکبوونەوەی سیاسی و پەیوەندییەکانی ڕیاز و دیمەشق ڕابگەێنن. یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە ڕیاز لەم هەلومەرجەدا چەند مەرجێک ئاشکرا دەکات، بۆ نموونە، ئەسەد لە لایەنگرانی ئێرانیی خۆی دوور بکەوێتەوە، بابەتێک کە ڕەنگە لە دانوستانی سەرەتاییدا ڕەزامەندیی لە سەر بدات بەڵام بە کردەوە ناکرێت.
لە درێژەدا هاتووە کە نزیکبوونەوە لە ئەسەد زۆر کەمترە لەو گۆڕانکارییەی کە ڕەنگە ڕیاز لە گۆڕەپانی گۆڕانکارییەکانی یەمەن لە خۆی پیشان بدات. یەمەن لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2011 لە دژی دەسەڵاتەکەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دیکتاتۆری پێشووی ئەو وڵاتە، لە ئاڵۆزیدا ماوەتەوە. جێگرەوەکەی بە ناوی عەبد ڕەبە مەنسور هادی ئەوە سەلماند کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە، ئەمەش بووە هۆی ئەو بۆشاییەی کە حوسییەکان هێزی خۆیان پیشان بدەن.
سعوودیەکان موڵەتی کشانەوەیان لە یەمەن دەوێت
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆتایی ساڵی 2014، هێزەکانی ئەنساروڵڵا بەرەو سەنعای پایتەخت، پاشان حۆدەیدە بەندەری سەرەکی لە کەناراوەکانی زەریای سور پێشڕەوییان کرد. تا ئاداری ساڵی 2015 ئەوان گەیشتنە شاری باشوریی عەدەن. لە هەمان کاتدا عەبد ڕەبە مەنسور هادی بە بەلەم هەڵهات، ئەمەش بووە هۆی دەستێوەردانی هاوپەیمانی سعوودیە لە کاروباری ناوخۆیی یەمەن. پرۆسەی گەردەلولی یەکلاکەرەوە هەشت ساڵ درێژەی هەبوو و یەمەنی ڕوبەڕوی قەیرانێکی مرۆیی کردەوە، ئەو شوێنەی کە باس دەکرێت 19 ملیۆن یەمەنی بۆ زیندوومانەوە پێویستیان بە هاوکاری خۆراک هەیە، سێ لە سەر چواری خەڵک لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن. ئەم دۆخە بۆ سعوودییەکان زۆر قورس بووە، ئامارێکی فەرمی نییە، بەڵام پاشایەتی سعوودیە دەیان ملیار دۆلاری بۆ ئەم شەڕە بەکار هێناوە، هەندێک باس لەوە دەکەن کە لە چەند قۆناغێکی شەڕەکەدا تێچووی ڕۆژانە تەنانەت نزیکەی یەک ملیار دۆلار بووە.
سعوودییەکان سەرقاڵی دانوستان بۆ ئەو ڕێکەوتنەن کە موڵەتی کشانەوە بەوان بدات. ئەمە نە ئەنساروڵڵا لە دەسەڵات لا دەدات و نە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی و ئاڵۆزییەکانی یەمەن دێنێت، بەڵام دڵنیایی ئەوە دەداتە بەرپرسانی سعوودیە کە یەمەنییەکان ناردنی درۆن و مووشەک بە ئاراستەی سعوودیە ڕادەگرن. چاودێرێکی یەمەنی ڕایگەیاندووە کە ئەمە دەسکەوتێکی زیاتر بە ئەنساروڵڵا دەدات. ڕێکەوتنی ڕیاز و ئەو بزوتنەوەیە دەتوانرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو واژۆ بکرێت، ڕەنگە لە شاری پیرۆزی مەککە و مانگی ڕەمەزان بێت.
ڕیاز، گرنگی بە ناوخۆ و کۆتایی هێنان بە شەڕەکانی دەرەوە
ئەگەر لە دیپلۆماتکارانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس سەبارەت بە یەکەمایەتی سیاسەتی دەرەوەیان بۆ ساڵانی داهاتوو پرسیار بکرێت، ئەوان هەوڵ دەدەن ڕیزبەند و خاڵی پلە یەک باس بکەن، وەک پەیوەندی ئابوری لە گەڵ وڵاتانی گەشەسەندوو، پلانی گەورەتر بۆ هاوکارییە دەرەکییەکان و هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. کاتێک ئەوان سەبارەت بە دراوسێکانی عەرەب لێدوان دەدەن ناوچەکە وەک بەرپرسیاریەتییەکی قورس پێناسە دەکەن. سعوودییەکان کە لە دۆخی لوبنان بێهیوا بوون، پارەی کەسانی نزیک لە خۆیان نادەن، ئەوان تەنانەت ویستی ئەوەشیان نییە پارەی زۆر بە میسر بدەن، ئەو میسرەی کە لە ئێستادا ڕوبەڕوی دووەم قەیرانی گەورەی ئابوری لە ساڵی 2016 بە دواوە بووەتەوە و پێدەچێت ئەم قەیرانەش بەردەوام بێت. ئەوان ڕەنگە بە ڕادەیەکی کەم هاوکاری تونس بکەن کە تووشی قەیرانی قەرزەکانی بووەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و سوریا بە واتای ئەوە نییە کە ڕیاز بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە ڕووخاوەکە پارە بە ئەسەد دەدەن. هەروەها کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن بە واتای ئەوە نییە کە ڕیاز هەوڵی هاوکاری لە دابینکردنی بودجەی ئاوەدانکردنەوە بدات کە بانکی جیهانی بە ڕێژەی 25 ملیار خەمڵاندنی بۆ کردووە. زۆربەی بەرپرسانی سعوودیە ئەم قۆناغە بە قۆناغی یەمەنی سعوودیە دەزانن، ئەو شوێنە کە بڕیارە پارەکان لە سعوودیە بەکار بهێندرێت و شەڕ و پێکدادانە دەرەکییەکانیش کۆتایی بێت. بە تایبەت لەم قۆناغەی کە سعوودیە تووشی شکستی گەورە و ستراتیژی بووەتەوە./.