بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە گەڵ بەڕێزیان، سەبارەت بە پیلانگێڕیی دوژمنان بەرامبەر بە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وتیان: بەشێک لە دوژمنایەتییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی پەیوەندی بە پرسە سیاسییەکان و بە تایبەت پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی لە پرسی فەڵەستینەوە هەیە بەڵام دوژمنایەتییەکان لە گەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە گرنگیدان بە خەڵک و ئازادی لە گەڵ ئائین نەخشە و پیلانی ئەو دوژمنانەی تێکداوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوونکردنەوەی هۆکاری سەرەکی دوژمنایەتییەکانیان بۆ گەلی ئێران بە پێویست زانی و وتیان: بە ڕوونکردنەوەی ئەم هۆکارە سەرەکییە، چیدی کەس نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنەکانی دیکە، بڵێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی دوژمن دادەتاشێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە ئائینییە پشت بە جەماوەر و گەلی ئێران دەبەستێت و هەر ئەمەش بووەتە هۆی پووچەڵکردنەوەی پیلانی ناحەزان و هۆکاری دوژمنایەتی ئەوانە.
بەڕێزیان ڕێپێوانی 22 ی ڕێبەندانی ئەمساڵیان بە نموونەیەکی دیکەی پشتیوانی جەماوەری لە کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتیان: لە کوێی ئەم جیهانە هاوشێوەی وەها گردبوونەوەیەکی گەورە بۆ بابەتێکی سیاسی دەبینرێت کە خەڵک بەم زۆربوون و جۆربەجۆرییە، لە بەساڵاچووانەوە تا مێرمنداڵانی تازەپێگەیشتوو، چل و چەند ساڵە پێکەوە و لە کەشوهەوای سەخت، هەموو ساڵێک ئامادە دەبن؟ ئەمە پاڵپشتی و هێزی جەماوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانە./.