بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە وەک میوان لە یانزەیەمین کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەشدار بوو، بە ئاماژە بە دانپێدادانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە تێچووی 7 هەزار ملیار دۆلاریی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و کوژرانی لانیکەم 7 هەزار کەس، وتی: ئەوەی کە بووە هۆی شکستی ئەم سەرمایەگوزارییە گەورەیە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کەلتوری شۆڕشی ئیسلامی بووە.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکییەکان کە بە هاوکاری ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەیەکی مەترسیداری وەک داعش، وتی: داعش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە پێکهێنرا و ئەو توانایەی هەبوو کە هەلومەرجی ناوچەکە بە پێی خواستی ئەمریکییەکان بەرەو گۆڕانکاری ببات بەڵام تێکۆشانی شەهید حاجی قاسم سولێمانی و دۆستانی کە نموونەی کەلتوری خۆڕاگری و شۆڕشی ئیسلامی بوون، شکستی بەم پیلانە گەورەیە هێنا.
لیوا قائانی ڕایگەیاند کە تاوانی تیرۆری شەهید سولێمانی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی دوژمنایەتی لە گەڵ شۆڕشی ئیسلامی و ئەم قۆناغەش شەڕێکی هەمەلایەنەی ئابوری و میدیایی لە خۆ گرتووە کە هێشتا بەردەوامە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کەلتوری خۆڕاگری کە سەرچاوەی بۆ ئامۆژەکانی ئیسلام دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ دەسەڵاتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانیی تووشی کێشە کردووە و تەنانەت بیرمەندانی ئەمریکیش بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی پێشووی خۆیان لەو بڕوایەدان کە لە جیهاندا براوەی شەڕەکان ئەو کەسانە نین کە چەکی زیاتر و پێشکەوتووتریان هەبێت، بەڵکوو ئەوانەن کە بە ورەی بەرزی تێکۆشان بەهێزتر بەرگری لە هەڵوێست و بیر و بڕوای خۆیان دەکەن./.