بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی ئیدانەی هێرشە دڕندانە و تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستیی کرد بۆ شاری نابلۆس لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان کەس لە خەڵکی بێ تاوان.
ناوبراو داوای هەنگاوی بەپەلەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد بۆ ڕاگرتن و ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستییەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە بەردەوامی و زیاتربوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی زایۆنیستەکان لە کەرتی خۆرئاوا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بە تایبەت هێرشەکەی سەر شاری نابلۆس، جنین، کوشتنی منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و ڕووخاندنی خانووی فەڵەستینییەکان، بەردەوامی ئەم تاوانانەی بە مایەی شەرمەزاری ئەوانە ناو برد کە بانگەشەی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن.
کەنعانی ستایشی خۆڕاگری بوێرانەی خەڵک بە تایبەت گەنجانی فەڵەستینیی لە قودس، جنین، نابلۆس و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کرد و جەختی لە سەر یەکڕیزی هەڵوێست و هەنگاوی وڵاتانی ئیسلامی بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و خۆڕاگری ڕەوای ئەوان لە بەرامبەر ڕژێمی دژە مرۆڤ و تیرۆریستیی زایۆنیستی کردەوە./.