بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا وتی کە چەندین پرسی هاوبەش و گرنگ لە دانوستانەکانی هەر دوو لا تاوتوێ کراوە.
ناوبراو وتی کە دۆخی ئەمنی و سنوری، بەشێک لە دانوستانەکان بووە و عێراقیش بۆ پاراستنی سنورەکانی لە گەڵ ئێران کۆمەڵە ڕێوشوێنێکی گرتووەتەبەر.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە کە هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی ئێمەوە بە پێی دەستوور قەدەغەیە.
فۆئاد حوسێن وتی کە لە دانوستانەکان لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران مافەکانی ئەم وڵاتە لە فرۆشتنی غاز بە عێراق تاوتوێ کراوە و ئەمەش لە واشنتن بەشێک لە دانوستانەکان بووە و لێک تێگەیشتنی تاران و واشنتن بۆ بەغدا گرنگە.
وتیشی کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان و هەروەها ئەنجامی سەردانەکەی شاندی عێراق بۆ واشنتن تاوتوێ کراوە.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر خێرایی بە ئەنجام گەیشتنی دۆسیەی تیرۆری شەهیدانی خۆڕاگری کردەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە ئێران پاڵپشتی لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات.
ناوبراو وتی کە گەلی ئێمە و عێراق یەک گەلن لە دوو جوگرافیای سەربەخۆ.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە لەو بڕوایەداین حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات ئەم وڵاتە شوێنی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ستایشی هەوڵەکانی بەغدای بۆ دانوستانی نێوان تاران و ڕیاز و هەروەها تاران و قاهیردە کردەوە و وتی کە ئێران پێشوازی لە ڕێگاچارەی دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی بەهێز و بەردەوام لە گەڵ لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات./.