بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا میرابیان سەبارەت بە دەرکردنی شاندەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەفریقا لە ئەسیوپیا وتی: زایۆنیستەکان ساڵانێکە هەوڵ دەدەن تا پێگەی خۆیان لە نێو وڵاتانی ئەفریقی بەهێز بکەن، هەوڵەکانیان بۆ هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی سودان، ئەسیوپیا و چەند وڵاتێکی هەژاری ئەفریقی لەم چوارچێوەدایە.
ناوبراو وتی: بەڵام وڵاتانی ئازاد و سەربەخۆی وەک جەزایر و ئەفریقای باشور لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەو هەموو تاوانە لە دژی فەڵەستینییەکان دەکات، پەیوەندییان نییە و دژی ئەوەشن کە ڕژێمی تەل ئەبیب لە ئەفریقا بوونی هەبێت و لە کۆبوونەوەکەی ئەسیوپیاش ئەم دوو وڵاتە هەوڵیاندا شاندەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە هۆڵی کۆبوونەوەکە بکرێتە دەرەوە.
میرابیان لە درێژەدا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەدەر لە ئەندامێتی چاودێر لە یەکێتی ئەفریقا، هەوڵی ئەندامبوونی تەواو لەم یەکێتییە دەدات بەڵام خۆشبەختانە ئەوەی کە لە ئادیس ئابابا ڕوویدا، پیشانیدا کە لانیکەم هەوڵەکانی تەل ئەبیب بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە شکستی هێناوە. ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات تا پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ئەفریقی بەرەوپێش ببات و دەرکردنی شاندەکەی ئەو ڕژێمە لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی بووە و هەر ئەمەش وایکردووە کە کاردانەوەی توندی هەبێت.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سودان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر بڕیاری دەسەڵاتدارانی خەرتوم، وتی: بە پێی ڕووداوەکەی ئادیس ئابابا و دەرکردنی شاندەکەی ڕژێمی زایۆنیستی، بنیامین نتانیاهۆ لە کیشوەری ئەفریقا تووشی کێشەی زۆر دەبێت. سودانییەکان بەڵێنی ئەوتۆیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەداوە و سەرکردەی کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ئەم پرسە کاتێک یەکلایی دەبێتەوە کە حکومەت ڕادەستی کەسانی سیاسی بکرێت. بە دڵنیاییەوە کە ئەگەر حکومەتی داهاتووی سودان بخرێتە سەر ڕێچکەی یاسایی خۆی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب ڕوو نادات، لە بەر ئەوەی کە سودان وڵاتێکی ئیسلامی و دژ بە زایۆنیستەکانە، وەک چۆن کە خەڵکی وڵاتانی دیکەی عەرەبیش دژی ئەم ڕژێمە خوێنڕێژەن.
ڕەزا میرابیان لە کۆتاییدا وتی: ئەگەرچی وڵاتێکی وەک مەغریب پەیوەندییەکانی لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی کردووەتەوە بەڵام بە پێی ڕاپرسییەکان، زۆرترین دژایەتی زایۆنیستەکان لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە دەکرێت، ئەم دۆخە لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی دەبینرێت و کێشەیەکی گەورەشە لە بەردەم سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بە ئەفریقا و هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ سودان و وڵاتانی دیکەی ئەفریقی./.