بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی شوبات ی 2023 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عۆمان و لە لایەن هەیسەم بن تارق سوڵتانی ئەو وڵاتە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
سوڵتانی عۆمان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد، هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی گیان لە دەستدانی هەزاران کەس لە بومەلەرزەکەی سوریا ڕاگەیاند و جەختی لە سەر هاوکاریکردنی دیمەشق کردەوە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاش سوپاسی سوڵتانی عۆمان و خەڵکی ئەو وڵاتەی کرد و وتی کە سوپاسی تایبەت بۆ پاڵپشتییەکانی عۆمانە لە سوریا لە ساڵانی شەڕی دژ بە تیرۆریزمی سەپێندراو.
ئەسەد وتی کە عۆمان هەموو کات هاوسەنگیی پاراستووە و ناوچەکەش پێویستی بە ڕۆڵی وڵاتی وەها هەیە تا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی بە پێی ڕێزی بەرامبەر و نەبوونی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان پتەو بکرێت.
سوڵتانی عۆمانیش سوریای بە وڵاتێکی برادەر ناو برد و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.
عۆمان تەنیا وڵاتی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسە کە لە کاتی شەڕی سەپێندراوی سەر سوریا لە ساڵی 2011 تا ئێستا پەیوەندییەکانی لە گەڵ دیمەشق نەپچڕاندووە./.