بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شرۆتی پونیا شرۆڤەکاری کاروباری ستراتیژی جیهانی عەرەب وتی: قەیرانی یەمەن تەنیا لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر دەکرێت، چارەسەری سیاسی لە بەرژەوەندی سعوودیە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە تا ئێستا لە گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی سەرکەوتوو نەبووە.
ناوبراو وتی: سعوودیە سەرەڕای هەبوونی چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دابین کراوە، لە شەڕی یەمەندا ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.
بە وتەی ئەم شرۆڤەکارە عەرەبە، سعوودیە لە شەڕی یەمەندا نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی وەک ڕێگری لە بەهێزبوونی پێگەی ئێران، مانەوەی حکومەتە بەکرێگیراوەکەی خۆی، دەرکردنی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە سەنعای پایتەخت و ڕێگری لە بەهێزبوونی گرووپێکی خۆڕاگری لە پشتەوەی سنورەکانی خۆی.
پونیا لە درێژەدا وتی: سەرجەم کاراکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەیییەکان دەبێت لە ڕێگای ئاشتیانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی شەڕی یەمەن بدەن کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بە دواوە بووە.
وتیشی کە سعوودیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای نێوەندگێڕی عۆمانەوە کۆتایی بەم گێژاوەی یەمەن بێنێت.
شرۆتی پونیا ڕایگەیاند کە مانەوەی پێگەی تا ڕادەیەک لاوازی سعوودیە لەم ئاستەدا، کەمکردنەوەی تێچووە ئابورییەکان و پاراستنی ناوبانگی سعوودیە لە ناوچەکە لە گرنگترین قازانجەکانی ڕیاز بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانی یەمەن دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە گەیشت کە گرنگترین وانەی شەڕی چەند ساڵەی یەمەن ئەوەیە کە پێداگری زۆر لە سەر دەستخستنی چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو تەنیا دەگاتە تاوانی زۆرتر و گەورەتر لە دژی خەڵکی سڤیل و لە هەمان کاتدا بۆ شکستی لایەنێکی خۆڕاگر، بەس نییە./.