بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” لە یادداشتێکدا بە نووسینی عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە ڕایگەیاند کە مانگی هەنگوینی ڕژێمی زایۆنیستی لە کیشوەری ئەفریقا زۆر کورتتر لەوە بووە کە سەرکردەکانی ئەم ڕژێمە چاوەڕوانیان دەکرد.
لەو یادداشتەدا هاتووە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە لوتکەی تاوان و خۆسەپاندنەکانی ئەمریکا و سازشتی ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی خۆفرۆشی عەرەب لە ئابی ساڵی 2021 بە بڕیاری موسا فەکی سەرۆکی یەکێتی ئەورووپا بووە ئەندامی چاودێری ئەم یەکێتییە.
ئەم بڕیارەش بە بێ بڕیاری وڵاتانی ئەندام دەرکرابوو، بەڵام توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری لە وڵاتانی وەک جەزایر و ئەفریقای باشور، هەڵپەساردن و پاشان هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی لێکەوتەوە.
نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە یەکێتی ئەفریقا لەو بانگهێشتنامەیەی کە ئاراستەی ڕژێمی زایۆنیستی کرابوو، پاشگەز بوویەوە و داوای لە لایەنی زایۆنیستی کرد کە شاند ڕەوانەی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا نەکات بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بڕیارەکەی لە بەرچاو نەگرت و نوێنەری خۆیی ڕەوانەی ئادیس ئابابا پایتەختی ئەسیوپیا کرد. نوێنەری ڕژێمی زایۆنیستی چووە هۆڵی کۆبوونەوەکە بەڵام ئەم کارەی بووە ڕیسوابوونێکی گەورەی سیاسی جیهانی بۆ تەل ئەبیب.
عەتوان جەختیکردووەتەوە کە مانگی هەنگوینی ڕژێمی زایۆنیستی لە کیشوەری ئەفریقا زۆر کورتتر لەوە بووە کە سەرکردەکانی ئەم ڕژێمە، لایەنگرانی ئەورووپی، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی بەکرێگیراوی عەرەبی چاوەڕوانیان دەکرد، ئەو وڵاتانەی عەرەبی کە ڕێکەوتنی تەزویر و ژەهراویی ناسراو بە ئابراهامیان لە گەڵ تەل ئەبیب واژۆ کردووە.
ناوبراو لە یادداشتەکەدا ڕایگەیاندووە کە کیشوەری ئەفریقا جارێکی دیکە هێز و پێگەی خۆیی بە دەست هێنایەوە و گرنگیی بە دادپەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی خۆی داوە، ئەم کیشوەرە پاش هەوڵە بەردەوامەکان لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە دراوی تایبەت و دیناری ئاڵتوونیی خۆی لە چاپ بدات و ئابورییەکەی لە شوێنکەوتوویی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕزگار بکات. کیشوەری ئەفریقا هەروەها لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە هاوپەیمانییەکەی لە گەڵ دوو هێزی سەربازی و ئابوری جیهان، ڕووسیا و چین، بەهێزتر بکات و ئەمەش بە هۆی سەرکردە نیشتمانییەکانی ئێستای ئەم کێشوەرەوە مسۆگەر بووە.
عەتوان لە کۆتایی یادداشتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لەم هەلومەرجە دژوارە و بە پێی پەرەسەندنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەفریقا لە گەڵ فەڵەستینییەکان مایەوە، ئەمە جێی دەستخۆشی و دڵنیاییە کە کیشوەری ئەفریقا پێگەی خۆی وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێک لە هێزە گەورەکانی جیهان وەردەگرێت، هەنگاوەکان بەرەو ئەم ئامانجە گەورە دەستیپێکردووە و ڕاناگیرێت.
سی و شەشەمین کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا ڕۆژی شەممە 18 ی شوبات بە درووشمی ” پەلەکردن لە کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانیی ئەفریقا ” لە شاری ئادیس ئابابا دەستی بە کارەکانی کرد./.