بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی سەفەری سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چین وتی: سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی پرۆتۆکۆلییەوە سەردانێکی فەرمی لە باڵاترین ئاستدا بوو. چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی چین کرا. هەروەها کۆبوونەوەیەک لە گەڵ ئابوریناسان و کۆمپانیا گەورەکانی چین بەڕێوەچوو کە سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند دەرگاکانی ئێران بە ڕووی ئەواندا کراوەیە، پرۆژەکان دەستنیشان کراون، ئەگەر بەربەستێک هەبێت هەوڵ دەدەین چارەسەر بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم سەردانە لە گەڵ ڕێکەوتنی 25 ساڵەی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و چین، وتی: نزیکەی 9 مانگ بەر لە ئێستا لە سەردانێکی وەزیری دەرەوە بۆ چین و هەروەها لە کۆتایی کۆبوونەوەی هەر دوو وەزیری دەرەوە ڕاگەێندرا کە ئەو ڕێکەوتنە دەبێت جێبەجێ بکرێت بەڵام بە هۆی کۆرۆناوە دوا کەوت.
مەهدی سەفەری بە ئاماژە بەوەی کە زۆربەی هەناردەی ئێران بۆ چین بەرهەم و بەروبومی کشتووکاڵییە، وتی: لەم ماوەیەدا هەوڵماندا موڵەتی هەناردەی چەندین بەرهەمی وەک پەتاتە، کیوی، زەعفەران و ….. لە چین وەربگرین.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە کەرتی نیشتەجێبوون، وزەی خاوێن، گواستنەوە، کشتووکاڵ و بابەتەکانی دیکە لەم سەردانەدا وتووێژ کرا و چەندین ڕێکەوتنیش واژۆ کرا کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت گۆڕانکاری زۆری بە دواوە دەبێت.
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە هاوکارییە ناوچەییەکانیش وتی: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە هاوکاری ناوچەیی لە نێوان ئێران و چین، شانگهایە کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی داهاتوو لە هیندستان ئەو بابەتە تەواو یەکلایی دەبێتەوە، هەروەها سەبارەت بە کۆمەڵەی وڵاتانی ئەندام لە بریکیس، لایەنی چینی ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە ئەندامبوونی ئێران دەکات.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هەموو کات جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی ئێمە لە سیاسەتی دەرەوە نابێت بەسراوەی کابینەکان بن، دەبێت بە ئاراستەی ئەوەدا بێت کە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکاندا بە هاتنی کەسەکان و کابینە جیاجیاکان ڕوو نەدات، لە کابینەی ئێستا بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی زیاتر ئاراستەی پەیوەندییەکان بەرەو وڵاتانی ئاسیایە، هەروەها ئەفریقا و ئەورووپاش. حکومەت ڕایگەیاندووە کە لە پلەی یەکەمدا گرنگی بە وڵاتانی دراوسێ دەدات و ئەم سیاسەتە پەیرەو دەکات و لایەنی چینیش ئەمەی وەرگرتووە و هەر بۆیە ئاستی پەیوەندییەکان زۆر بەرزە.
سەفەری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ئیرادەی چینییەکان بۆ کارکردن لە گەڵ ئێران، وتی: پێم وایە کە ئابوری چین قسەی یەکەم دەکات، ئەمریکییەکان پارە چاپ دەکەن. ئێمە لە ناوچەی کەنداوی فارس و زەریای عۆمان 2200 کیلۆمەتر کەناراوەکانمان هەیە، چین 6 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لەم ناوچەیە دەبات، ئایا تەنیا دابینکردنی وزە گرنگە یان دابینکردنی ئاسایشی وزە؟ وڵاتێک وەک کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت ئاسایشی وزە دابین بکات و دەتوانێت هاوبەشێکی ستراتیژی بێت. هەر بۆیە پەکین لە ڕۆڵی کاریگەری ئێران لە ناوچەکە لە بواری وزە و بازرگانی و دابینکردنی ئاسایشدا تێگەیشتووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئابوری، وتی: لە لایەکی دیکەوە ئێران وڵاتێکە کە لە گەڵ 15 وڵات دراوسێیە و لە ڕووی جوگرافییەوە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ بازرگانی. هەر بۆیە بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئێران گرنگە و پەیوەندییەکانی چین لە گەڵ ئێران بۆ دوێنێ و ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو مێژووییە و ئێمە هیچ کات کێشەیەکی گەورەمان لە گەڵ چینییەکان نەبووە.
سەفەری جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی سەربازی، ئابوری و فاکتەری جوگرافییەوە هێزێکی ناوچەیی گەورەیە./.