بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا کە ڕۆژی شەممە 18 ی شوبات بەڕێوەچوو، پرسی فەڵەستینیان بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکان و زامە گرنگەکانی جیهانی ئیسلام ناو برد و وتیان: یەک وڵات و یەک گەل لە بەرامبەر چاوی بینەری جیهانی ئیسلام ڕۆژانە و بەردەوام لە لایەن ڕژێمی دڕندە و تاوانبارەوە زوڵمی لێدەکرێت و وڵاتانی ئیسلامی بەم هەموو دەوڵەمەندی و تواناوە تەنیا بینەرن و تەنانەت ژمارەیەک لەم وڵاتانە بە تایبەت بەم دواییانە پەیوەندییان لە گەڵ ئەو ڕژێمە خوێنمژە هەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لاوازبوونی ئەم وڵاتانەیان بە ئەنجامی بێدەنگی لە بەرامبەر تاوان و پەیوەندییان لە گەڵ زایۆنیستەکان ناو برد و وتیان: دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەمریکا، فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە، بە پڕوپاگەندەی چارەسەرکردنی کێشەی موسڵمانان، مافی دەستێوەردانیان لە کاروباری جیهانی ئیسلام بە خۆیان داوە، لە کاتێکدا کە خۆیان توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان نییە.
بەڕێزیان جەختیان کردەوە: ئەگەر لە هەمان ڕۆژانی سەرەتاییەوە، حکومەتە ئیسلامییەکان گوێبیستی ئامۆژگاری خێرخوازانەی زانایانی گەورەی نەجەف دەبوون و لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاتی زایۆنیستی ڕادەوەستان، ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دۆخی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا جیاواز دەبوو و جیهانی ئیسلام یەکگرتووتر و لە بوارە جیاجیاکاندا بەهێزتر دەبوو.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە هەڵوێستی ئاشکرا و ڕاشکاوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاڵپشتی لە زوڵملێکراوانی فەڵەستین، وتیان: دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاشکرا و بە هەر ڕێگایەک کە بتوانێت لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین بەردەوام دەبێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هاوپەیمانی دوژمنان لە بەرامبەر ئێرانی ئیسلامی، وتیان: بە داخەوە کە ئەو وڵاتانەی کە ئەرکی پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستینیان لە سەر شانە، لە دژی ئێران بوونەتە هاوکاری دوژمنانی ئیسلام.
بەڕێزیان لە کۆتاییدا بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیایان بە پرسی جیهانی ئیسلام ناو برد و سەبارەت بە فەڵەستین وتیان کە گرنگی پرسە سیاسییەکانی وەک فەڵەستین و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەبێت لە هەر هەلومەرجێکدا جێی بایەخ و سرنجی جیهانی ئیسلام بێت./.