بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی CGTNی چین وتی کە سیاسەت و کرداری جۆبایدن سەبارەت بە سزا و گەمارۆکانی ئێران هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ سیاسەتەکانی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا نییە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: پێدەچێت کە حکومەتی ئێستای ئەمریکا وەک حکومەتی پێشوو تەنیا هەوڵی سزادانی ئێران دەدات. حکومەتەکەی بایدن بانگەشەی هەوڵی ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران دەکات بەڵام ئەوەی کە بە کردەوە دەبینین ئەوەیە کە کردار و بانگەشەی ئەوان جیاوازییەکی زۆری پێکەوە هەیە. ئێران هەوڵی ڕێکەوتنێکی باش دەدات بەڵام ئەوان ڕێکەوتنی باشیان ناوێت. ئەوان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نین و لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشانەوە و مێزی دانوستانیان بە جێهێشت و ڕایانگەیاند کە لە جێی دانوستان، هەوڵ دەدەن ئامانجەکانی خۆیان بە ئاژاوەگێڕی لە شەقامەکانی ئێران بە دەست بێنن.
ناوبراو وتی: ئێران لەو بڕوایەدایە کە ئەمریکا تووشی هەڵەی لێکدانەوە بووە، ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپیش بە هەمان شێوە تووشی هەڵە بوون و ناسینەوەی ئێران لە لایەن ئەوانەوە هەڵەیە، ئەوان گەلی ئێران و گەلانی دیکە پێکەوە بەراورد دەکەن و پێیان وایە کە بە هەندێک پلان و سیاسەت دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن کە ئەمەش بە تەواوی هەڵەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کاریگەری چەندین دەیەی سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر تاران وتی: لە ڕاستیدا ئەمە هەمان شەڕە کە تەنیا ئامرازەکەی گۆڕاوە، پێشتر ئامرازی سەربازی بووە و ئێستا گەمارۆکانە، ئەوان بە سیاسەتی نامرۆڤانەی گەمارۆکان دژایەتی گەلی ئێران دەکەن و ئەگەر وا دەزانن کە لەم ڕێگایەوە بە ئامانجەکانیان دەگەن، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: ئەمریکییەکان تەنانەت ڕێگری لە گەیشتنی دەرمانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دیکە بۆ ئێران دەکەن، ئەوان ڕێگرییان لە گەیشتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا کرد، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەکەم کۆبوونەوەمان لە نیۆیۆرک داوای لێبوردنی کرد کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە هەنگاوێک لە دژی گەمارۆکانی تایبەت بە ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ ئێران هەڵبگرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆکان لە سەر ژیانی خەڵک وتی: ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجی گەمارۆکان تەنیا گوشارە لە سەر حکومەتی ئێران بەڵام دەرکەوتووە کە ئامانج ژیان و بژێوی خەڵکە. ئەوان و هاوپەیمانەکانیان بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە 6 مانگی داهاتوو حکومەتی ئێران تەواو دەبێت بەڵام تا ئێستا 90 جار لەو 6 مانگانە تێپەڕ بووە و ئەوانەش کە بانگەشەی وەهایان دەکرد یان مردوون یان لە سەر پۆستەکانیان نەماون و لاواز بوون و دەسەڵاتی ئێران بەهێزتر و کاریگەرتر لە هەمیشە درێژە بە کارەکانی دەدات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەوان هەوڵیان دەدا بە گەمارۆکان، گەل و دەسەڵاتی ئێمە ڕابگرن بەڵام گەل و گەنجانی ئێمە ڕانەگیراون./.