بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سێهەم کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هات و لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سیاسەتەکانی تاران ڕەوشی ناوچەکەی ئاڵۆز کردووە و پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات.
ئەو تۆمەتبارکردنەش لە کاتێکدایە کە ڕاستییەکان و گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوو و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕزگاربوون لە تیرۆریزم بە پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت و نەک تەنیا ئێران لەم تۆمەتە بێ بنەمایە دوور دەخاتەوە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەک کە دەتوانێت لایەنگرانی تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان ڕوبەڕوی لێپرسینەوە بکاتەوە.
گەلانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا ئەوەیان لەبیر ماوە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی – بە هۆی پاڵپشتی گەل و حکومەتی سوریا لە پرسە گرنگەکانی جیهانی ئیسلام بە تایبەت پرسی فەڵەستین و خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکاری و تاوانەکانی ڕژێمی تەل ئەبیب – چۆن سیاسەتی ئاڵۆزکردن و تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتەیان گرتەبەر تا گەلی سوریا سزا بدەن و حکومەتەکەیان بڕووخێنن و حکومەتێکی بەکرێگیراو و بەسراوەی خۆیان ببێتە دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە.
واشنتن و تەل ئەبیب لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیان گرووپە تیرۆریستی و چەکدارەکانیان وەک سوپای ئازاد لە سوریا پێکهێنا و بۆ دژایەتی گەل و حکومەتی سوریا بە هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی سیاسی، سەربازی، دارایی و میدیاییان لەوان کردووە کە ئەمەش هێشتا بەردەوامە.
بە پێی هەندێک لە ئامارەکان، ئەو گرووپانە لە لوتکەی قەیرانی سوریا تەنانەت گەیشتە زیاتر لە 100 گرووپ لە 125 وڵاتی جیهان و لە ئاکامدا بە گیانفیدایی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت شەهید حاجی قاسم سولێمانی و هاوسەنگەرەکانی لە ئێستادا تەنیا ناوێک لە زۆربەی ئەو گرووپانە ماوەتەوە.
لەو ساڵانەدا دۆخەکە بە شێوازێک بوو کە بە پێکهێنانی دەیان گرووپی چەکدار و تیرۆریست لە بەردەوامی شەڕی سەپێندراو لە دژی گەلی سوریا بە ناوی جیاجیا و پەرەسەندنی چالاکییە تیرۆریستییەکان، گەیشتە سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش و ئامانجەکەشی ئەوە بوو کە ناوچەکە بە تەواوی لە ئاگری تیرۆر و ئاڵۆزیدا بسووتێنێت.
لە ماوەی چالاکییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سوریا لە درێژەی چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە وەک بەرەی نوسرە (ئەحرای شام) چەندین ڕاپۆرت لە سەر وەرگرتنی ئەندام، ناردنی تیرۆریستان و پاڵپشتی دارایی لەوان بە پاساوی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان لە لایەن وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەت سعوودیە و بەحرەین بڵاو کرایەوە و ژمارەیەک لەو تیرۆریستانە لە کردەوە خۆکوژییەکاندا بە هەزاران کەسیان لە عێراق و سوریا بەرەو کوژران و لەناوبردن برد.
کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراقی پێشتر ڕایانگەیاند کە تەنیا لە سعوودیەوە زیاتر لە 15 هەزار تیرۆریست لە عێراق بوونیان هەبووە کە ژمارەیەک لەوان وەک تیرۆریستی خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە و هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەوان لە گرتووخانەکانی ئەم وڵاتەدا ماون.
لە دۆخێکی وەهادا بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی داواکاری فەرمی حکومەتەکانی سوریا و عێراق ئەرکی قورسی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزی و تیرۆریزمی لە ناوچەکە بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو توانا مادی و سەربازی و مرۆییەک و بە بێ هیچ بەرژەوەندییەک، بە فەرماندەیی گەورە فەرماندە و تێکۆشەری شەهید حاجی قاسم سولێمانی لە ئەستۆ گرت و بە هاوکاری برایانی سوری و عێراق شەڕی لەناوبردنی تیرۆری دەستپێکرد، ئەو تیرۆرەی کە کەسانی وەک هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە داعش بەرهەم و دەستکردی واشنتن بووە.
تێکۆشانەکانی شەهید سولێمانی و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوشانی برایانی سوری و عێراق، سەرەڕای پیلانی بەردەوامی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی وەک سعوودیە، لە ئاکامدا گەیشتە ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا و عێراق و بووە هۆی ئەوەی کە پیلانگێڕیی ڕووخانی حکومەتی یاسایی ئەم وڵاتانە و بە دەسەڵات گەیشتنی دوو حکومەتی بەسراوە و بەکرێگیراو شکست بێنێت و بەمەش حکومەتی سوریا وەک یەکێک لە پێگە بەهێزەکانی خۆڕاگری لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە بمێنێتەوە.
لە عێراقیش ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە بە هۆی فەتوا مێژووییەکەی مەرجەعیەتی باڵا و هاوکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، تووشی شکستێکی گەورە و مێژوویی بوونەوە. ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی، سعوودیە و هاوپەیمانەکانی هەوڵی ئەوەیان دەدا لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ڕژێمی تەل ئەبیب، ئەم وڵاتە و ناوچەکە بە تەواوی ئاڵۆز بکەن بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پیلانی دابەشکردنی عێراقیش شکستی هێنا و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە دەستەبەر کرایەوە.
بە پشت بەستن بەم ڕاستییانە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە، ئێستا دەبێت ئەم پرسیارە بکرێت کە لە ڕاستیدا کێ پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات، کێ بەرەنگاری تیرۆریزم بووەتەوە و هێشتاش بەردەوامە؟
ئایا ئەو ئێرانەی کە لە گەڵ گەلانی سوریا و عێراقدا بووە و بە هەموو توانا و بە بێ هیچ بەرژەوەندییەکان شەڕی لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی کرد و بە هاوکاری برایانی سوری و عێراقی ئەو ئامانجە گەورەی مسۆگەر کرد، پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات یان ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس کە بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی دارایی، سیاسی و سەربازییان لە پێکهێنان و بەردەوامیی گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە؟
ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ خۆدزینەوە لەو هەموو پرسیار و داواکارییەی ڕای گشتی کە بە باشترین شێواز جیاوازیی نێوان لایەنگرانی تیرۆر و دژبەرانی تیرۆر دەزانن، ڕوو لەم پڕوپاگەندە و تۆمەتبارکردنە بێ بنەمایە دەکەن./.