بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ئاماری کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ساڵی 2022 لە گەڵ ئێران بەراورد بە ساڵی پێشووی لە سەدا 8 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتە 5 ملیار و 238 ملیۆن یۆرۆ.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 4 ملیار و 852 ملیۆن یۆرۆ بووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هەناردەی یەکێتی ئەورووپا بۆ ئێران لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 لە سەدا 7 بەرزبوونەوەی هەبووە و لە 3 ملیار و 931 ملیۆن یۆری ساڵی 2021 گەیشتە 4 ملیار و 183 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی ڕابردوو.
هەناردەی ئێرانیش بۆ یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2022 لە سەدا 15 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتە یەک ملیار و 55 ملیۆن یۆرۆر. یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 921 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردبوو.
ئەڵمانیا لە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران لە ساڵی 2022 بووە و لە سەدا 35 ی کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ساڵی ڕابردوو پەیوەندی بە ئەڵمانیاوە هەبووە.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار و 582 ملیۆن کاڵای هەناردەی ئێران کرد و 278 ملیۆن یۆرۆش هاوردەی لە ئێران هەبوو. کۆی گشتی بازرگانیی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئێران یەک ملیار و 860 ملیۆن یۆرۆ بووە.
ئیتالیا بە بازرگانی 712 ملیۆن یۆرۆیی، دووە هاوبەشی ئێران بووە. ئیتالیا 551 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کرد و هەروەها 161 ملیۆن یۆرۆ هاوردەشی لە ئێران هەبووە.
هەروەها هۆڵەندا بە بازرگانی 445 ملیۆن یۆرۆیی لە پلەی سێهەمدا ناوی هاتووە. ئەو وڵاتەش لە ساڵی 2022 زیاتر لە 389 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کرد و 56 ملیۆن هاوردەشی لە ئێران هەبووە./.