بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ چین لە گەڵ نوێنەرانی دەیان کۆمپانیای گەورەی ئابوری ئەو وڵاتە کۆبووە و پاش بیستنی بۆچونی 10 کۆمپانیای زۆر گەورەی چینی و هەروەها ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان، وتی: بەو ڕێکەوتنانەی کە لەم سەردانەدا بە دەست هاتووە، کۆمپانیا ئابورییەکانی هەر دوو وڵات دەتوانن لە پێناو پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکان هەنگاو هەڵبگرن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە هەر دوو وڵاتی ئێران و چین دەرفەت و توانای زۆر هەیە کە کەڵکی لێ وەرنەگیراوە و هەر دوو سەرۆک کۆمار جەختمان لە سەر وەگەڕخستنی ئەو دەرفەت و توانایە کردووەتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا هەواڵی ڕێکەوتنی هەر دوو سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و چینی لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی تاک جەمسەری لە جیهان ڕاگەیاند و وتی: ئێران چین بە هاوبەشێکی متمانەپێکراوی بازرگانیی خۆی دەزانێت و پێی وایە کە لە پێناو گەشەی خۆی دەکرێت کەڵک لە دەرفەتی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وەربگیردرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: پێشکەوتنەکانی چین لە بواری تەکنۆلۆژیای نوێ و هەروەها گەشە و پێشکەوتنی کۆمپانیاکانی زانست بنەما لە ئێران بەستێنی گونجاوی هاوکارییان دابین کردووە کە دەبێت کەڵکی لێ وەربگیردرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها جەختی لە سەر پێویستی ئاسانکاری بۆ چالاکی کۆمپانیاکانی هەر دوو وڵات و چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم هاوکارییەکان کردەوە./.