بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ وڵاتی چین بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی یان هەمان ڕێکەوتنی گشتییە لە نێوان تاران و پەکین، ئەو ڕێکەوتنەی کە گرنگترین هەنگاوە لە پێناو نزیکبوونەوەی زیاتری هەر دوو وڵات.
ڕاپۆرتەکەی رای الیوم ئاماژەی بە وتەکانی محەممەد جەمشیدی جێگری کاروباری سیاسی لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران داوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران بە پێی ڕێکەوتنی گشتی، چاوەڕوانی هاوکاری زیاتری ئابوری لە گەڵ چین دەکات و ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکانە لە گەڵ وڵاتانی کیشوەری ئاسیا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان ئێران و چین کۆمەڵە بەرژەوەندییەکی هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری ئابوریدا دەستەبەر دەکات.
رای الیوم ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنەکەی ئێران و چین ئەمریکای توڕە کردووە و باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا لە ڕێگای گوشار و هەڕەشەوە هەوڵی پاشگەزبوونەوەی ئێرانی لەو ڕێکەوتنە داوە. واشنتن بە نیگەرانییەوە کە زیاتربوونی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان تاران و پەکین دەڕوانێت و بە کێشەیەکی بەردەم خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبات، وەک چۆن کە بە نیگەرانییەوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیاش دەڕوانێت.
لە 27 ی ئەیلولی 2021 وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین لە تاران ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵاتیان بە بڕی 400 ملیار دۆلار واژۆ کرد./.