بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل بریزۆن لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو لەناوچوون و داڕمانی ناوخۆیی دەڕوات و لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ کەسێکی شارستانیی تێدا نامێنێت و هەمووان جێی دەهێڵن و تەنیا کەسە توندڕۆکان دەمێننەوە و ئەوانیش دەسەڵات تا داڕمانی کۆتایی ئەم ڕژێمە دەگرنە دەست.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1948 قۆناغی هیوا و لە ساڵی 1967 کە قۆناغی گەندەڵی و لەناوچوون بووە، دەستیپێکرد.
لە درێژەی وتارەکەدا هاتووە کە 29 ی کانوونی یەکەمی 2022 – کاتی دەستپێکردنی دەسەڵاتی کابینەی نوێی نتانیاهۆ – قۆناغی سێهەم وەک قۆناغی لەناوچوون، دەستیپێکردووە.
نووسەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە بە تەواوی پێشبینی کراوە و دڵنیایی لە سەر هەیە، لە بەر ئەوەی کە لە پاش 55 ساڵ گەندەڵی و تێکدان و داگیرکاری و توندووتیژی، هیچ ڕێگایەک و هیوایەک بۆ باشترکردنی دۆخەکە نەماوە.
میخائیل بریزۆن ڕایگەیاندووە کە بەرە بەرە لەو داڕمانە نزیک دەبینەوە و لە کۆتاییدا دەگاتە ئاستێک کە چیدی کەس نایەوێت لە ئیسرائیلدا درێژە بە ژیان بدات و تەنیا کەسانی توندڕۆ و ئەوانەی کە لە ڕووی هزری و دەروونییەوە تێکچوون، لێرە دەمێننەوە و حکومڕانی دەکەن تا لە ئاکامدا دەسەڵاتیش لە ناو دەچێت.
نووسەرە چەپەکەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە هەوڵ دراوە کاتی داڕمانەکە بزانرێت بەڵام لەوە تووشی سەرسوڕمان بووە کە بەو ڕاستییە گەیشتووە کاتێکی زۆر بۆ ئەو لەناوچوونە نەماوە، لە بەر ئەوەی کە هێماکانی لەناوچوونەکە ڕوون و ئاشکران، سەرجەم پارە و دارایی حکومەت لەبری ئەوەی بۆ پێشکەوتن و شوێنی باشتر بەکار بهێندرێت، بۆ پەرەپێدانی ئەو شارۆچکانە بووە کە جولەکە توندڕۆکانی تێدا دەژین و ئەمە هێمایەکی ئاشکرایە لە نزیکبوونەوەی وادەی لەناوچوون و داڕمانی ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاندووە کە کەرتی پەروەردە بە تەواوی داڕووخاوە، کەرتی نیشتەجێبوون دواکەوتووە، گرنگی نە نەخۆش و بەساڵاچووەکان نادرێت، تەندرووستی و پاراستنی پاک و خاوێنی پشتگوێ خراوە، نرخی شمەک بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ژێرخانەکان لاوازن، ڕێژەی هەژاری زیاتر بووە، توندڕۆکان حوکمی هەموو شتێک دەکەن، گواستنەوەی جولەکەکان لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ ئیسرائیل ناکۆکی و ئاژاوەی بە دوای خۆیدا هێناوە، توندووتیژی ڕووی لە زیاتربوونە، گەندەڵی باڵی بە سەر هەموو شوێنێکدا کێشاوە، دادپەروەری نەماوە و چیدی مافی مرۆڤ و یەکسانی واتایەکی نییە.
نووسەرە زایۆنیستەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب لە ماوەی زیاتر لە 7 دەیەی ڕابردوو تەنانەت لە چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشەکان سەرکەوتوو نەبووە./.