بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ کۆنفرانسی حکومەتەکانی جیهان لە ئیمارات، وتی: ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشوری تورکیا بە هۆی بومەلەرزەوە بریندار بوون و تا ئێستا زیاتر لە 81 هەزار برینداری ئەم کارەساتە لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان وەرگرتووە و چارەسەرکردنی هەزار کەسی دیکەش بەردەوامە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ماوەی 9 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 8 هەزار کەس لە ژێر داروپەردوی خانووە ڕووخاوەکاندا ڕزگار کراون.
ئەردۆغان وتی کە بومەلەرزەکەی تورکیا جارێکی دیکە گرنگی هاوکاری نێودەوڵەتیی پیشان دایەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ستایشی هاوکاری نێودەوڵەتیی کرد و وتی کە تورکیا دۆستانی کاتی تەنگانەی خۆی لەبیر ناکات.
ئەردۆغان بومەلەرزەکەی تورکیای بە کارەساتی سەدە ناو برد و وتی: بومەلەرزەکەی تورکیا لە 10 پارێزگا و ناوچەیەک بە ڕوبەری 500 کیلۆمەتر ڕووی داوە کە شوێنی ژیانی 13 ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە و بەداخەوە کە زیانی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: ئەمڕۆ جیهان ڕوبەڕوی چەندین کێشەی وەک ڕووداوە سرووشتییەکان، گۆڕانکاری کەشوهەوا، کۆچکردن و شەڕ بووەتەوە و ئابوری جیهانی و هەوڵی گەشەسەندن بە هۆی دۆخی نالەباری زنجیرەی دابینکردن، کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، قەیرانی خۆراک و وزە و ڕێژەی بەرزی هەڵئاوسانی جیهانی لە قۆناغێکی دژواری خۆیدایە./.