بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە پەیامێکدا بۆ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پیرۆزبایی خۆیی بە بۆنەی چل و چوارەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ڕاگەیاندووە.
نەخالە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە شۆڕشی ئیسلامی ڕواڵەتی ناوچەکەی گۆڕیوە و کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر ئاستی جیهان و سیاسەتەکانیدا بە جێهێشووە.
ناوبراو جەختیکردووەتەوە کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووەتە ئامانج و پەناگەیەک بۆ ئازادیخوازان و ئاڵای ڕێنمایی ئەو کەسانەشە کە هەوڵی گەیشتن بە ئازادی دەدەن.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران پشتیوانی ڕاستەقینەی گەلی تێکۆشەر و زوڵملێکراوی فەڵەستینە. گەلی فەڵەستین و خۆڕاگرییەکەی ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و پاڵپشتییەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە دوژمنی زایۆنیستی، زیاتر لە ڕابردوو بەهێزتر بووە.
زیاد نەخالە جەختی لە نزیکبوونەوەی فەڵەستینییەکان لە سەرکەوتن کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای گەمارۆ و زوڵمی دوژمنی ئەمریکی و زایۆنیستی، تێکۆشەرانی فەڵەستینی قارەمانییەکانیان لە ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکارانی زایۆنیست تۆمار دەکەن، وەک چۆن کە سەرکردەکانی دوژمن ئەمڕۆ بە نیگەرانییەوە باس لە ئەگەری لەناوچوونی ڕژێمەکەیان دەکەن./.