بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی ڕاوێژکاری بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق سەبارەت بە دۆخی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات وتی: لە نیوەی دووەمی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی هەناردەی ئێران بۆ عێراق ڕووی لە گەشەسەندن بووە و لە کۆتایی دە مانگدا، نزیکەی 9 ملیار دۆلار (8 ملیار و 970 ملیۆن دۆلار) هەناردەی ئێران بۆ عێراق بووە و کە تا کۆتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی دەگاتە 10 ملیار دۆلار و ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 23 گەشەی کردووە.
ناوبراو لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هەواڵی چەند میدیایەک سەبارەت بە کێشەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەی دراو لە گەڵ بازرگانە ئێرانییەکان، وتی: ئەم بابەتە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە، مانگی کۆتایی ساڵی 2022 هاوکات بوو لە گەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراق بە ڕێژەی لە سەدا 10 تا 12 و ئەمەش لە بازاڕی دراوی عێراق بووە هۆی سەرهەڵدانی چەند کێشەیەک.
ڕاوێژکاری بازرگانی ئێران لە عێراق وتی: هۆکاری سەرەکی کێشەی بازاڕی دراوی عێراقیش ئەوەیە کە بانکی ناوەندی ئەم وڵاتە تا پێش کۆتایی ساڵی 2022 ڕۆژانە لە نێوان 250 تا 300 ملیۆن دۆلار پارەی دەخستە بازاڕەوە کە لە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد شیاع سودانی ئەم ڕێژەیە گەیشتە 80 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە، واتە کەمتر لە سەدا 25 ی پێشوو. لەم هەفتەیەشدا بە شێوازی مامناوەندی ڕۆژانە 84 ملیۆن دۆلار و زۆر کەمتر لە دۆخی ئاسایی لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە هۆی کێشە و بەربەستەکانی ئەمریکاوە خراوەتە بازاڕەوە.
لێدوانی ڕاوێژکاری بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا تەنانەت ئاماژەی بە ڕێژەی 30 تا 50 ملیۆن دۆلاری بۆ خستنە بازاڕ دا کە ئەمەش پیلان و دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و چاوپۆشیی واشنتن لە گەندەڵییەکانی حکومەتی پێشوو ناسراو بە دزی سەدە کە بڕەکەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، پیشان دەدات.
ڕاوێژکاری بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق وتی: لە هەفتەی ڕابردوو مامناوەندی ڕێژەی خستنە بازاڕی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە کە ئەمریکییەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن، ڕۆژانە لە نێوان 79 تا 84 ملیۆن دۆلار بووە و لە ڕاستیدا ئەمریکا بەرپرسی سەرەکی ئەم دۆخەیە.
ڕەبیهاوی وتی: ئەوەی کە دەڵێن دۆلار لە عێراقەوە قاچاخ دەکرێت، کاریگەرییەکەی چەندە و ئایا کاریگەری بەرچاوی لە بازاڕ (بەراورد بە دابەزینی پێدانی دۆلار لە گەنجینەی ئەمریکاوە بۆ بانکی ناوەندی عێراق) هەیە؟ بە بۆچوونی من ناتوانین باس لە کارتگەری بەرچاوی قاچاخی دراو لە بازاڕی عێراقدا بکەین لە بەر ئەوەی کە بانکی ناوەندی عێراق خۆی دراو دەخاتە بازاڕەوە، هەرچەندە کە ڕێژەیەکی ئێستا سنوردارە و لەمەش زیاتر ئەوەی کە زۆربەی حەواڵەکان لە لایەن بانکەکانەوە دەردەکرێت. تاوانباری ئەم دۆخە ئەمریکایە و هەندێک بە ئەنقەست پەرەی پێدەدەن لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا دەیەوێت ڕێگری لە هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق بکات بەڵام لەم ئامانجەدا شکستی هێناوە و ڕێژەی هەناردەی ئێران بە پێی ئامارەکانی عێراق و گومرکی ئێران ڕووی لە بەرزبوونەوەیە نەک دابەزین.
ناوبراو وتی: پاش دەستپێکردنی مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بە پێی ناڕەزایەتییەکانی بەردەم بانکی ناوەندی و هەروەها بە بۆنەی کاروباری بازرگانەکانەوە چەندین ڕێکارنامە دەرکرا و بڕیار درا کە وەزارەتی دارایی عێراق دۆلار بە نرخی 1300 دینار ڕادەستی بانکەکان بکات و بانکەکانیش بە 1310 دۆلار ڕادەستی نووسینگەکانی بکەن و لە ئاکامدا بە 1320 دینار بگاتە دەستی خەڵک. ڕاستە کە ئەم بڕیارە هێشتا بە شێوازی جێبەجێکردن نەگەیشتووەتە نووسینگەکان بەڵام هەر ئەمەش وایکردووە کە نرخەکەی لە 1780 دینار بۆ ژێر 1500 دینار دابەزێت و ئەمەش کاریگەری زۆری لە سەر بازاڕ هەبووە.
عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی وتی: لە ئێستادا نووسینگەکان کاری حەواڵەکردنی دراو دەکەن بەڵام بە پێی ئەوەی کە پێشتر دۆلاریان بە نرخی بەرز کڕیوە و دواتر گۆڕانکاری لە نرخەکەیەدا کراوە و دۆلار لە بەرامبەر دینار هەرزان بووە، دەبێت ئەم دۆلارە بە نرخێکی کەمتر بە خەڵک بدەن و ئەمەش بۆ ماوەیەک بە شێوازی کاتی کێشەی خستووەتە بەردەم ئیش و کاری حەواڵەکردنەکان و ڕەنگە تا هەفتەی دیکەش کێشەکە بەردەوام بێت. نووسینگەکانی دراو لە ئێستادا کەوتوونەتە ژێر چاودێری بەشی ئاسایشی ئابوریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە بەردەوام کۆنتڕۆڵ دەکرێن و تەنانەت بە فەرمی و بە نووسراو بەوانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت نرخی دۆلار 1320 دینار بێت و لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی ئەم نرخە بە ڕێژەی 20 ملیۆن دینار سزا دەدرێن و نووسینگەکانیان دادەخرێت.
ڕاوێژکاری بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق وتی: ئەم بەربەستانەش کاریگەریی لە سەر ئیش و کاری نووسینگەکان داناوە تا ئەو کاتەی کە بازاڕ دەگاتە سەقامگیری.
ڕەبیهاوی وتی: هەندێک ڕێکارنامە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەرکراوە، بۆ نموونە، ئاستی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بۆ هەر مانگ گەیشتووەتە زیاتر لە 7 هەزار دۆلار کە لە فڕۆکەخانەکاندا ڕادەست دەکرێت و هەروەها ڕێژەی 200 هەزار دۆلاری بۆ هەر بازرگانێک دیاری کراوە کە بە پێی چالاکیی ئەوان و ئەوەی کە لە ژوورە بازرگانییەکاندا تۆمار دەکرێت و دەتوانن ڕۆژانە بە ڕێژەی 200 هەزار دۆلار بۆ هاوردە دۆلار وەربگرن.
عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی وتی: هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەردەوامە، لە گەڵ 5 خاڵی سنوری لە ناوچەی عەرەبی و 7 خاڵی سنوری لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین و کێشەیان نییە. لە هەفتەکانی ڕابردوو هەناردەی کاڵا موڵەت دارەکان بەردەوام بووە و هیوادارین کێشەی گواستنەوەی دراویش چارەسەر بکرێت./.