بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆڕەپانی ئازادی تاران و لە نێو ئاپۆڕای جەماوەریی بەشداربووانی ڕێپێوانە مەزنەکەی 22 ی ڕێبەندان و ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران 22 ی ڕێبەندانی بە ڕۆژی دەستپێکردنی سەربەخۆیی، ئازادی و کۆماری ئیسلامی ناو برد و وتی: 22 ی ڕێبەندان هێمای یەکڕیزی و یەکگرتوویی نیشتمانی، یەکپارچەیی و ئامادەبوون و حەماسەتی خەڵکە، ئەمڕۆ دیسانەوە لە جەژنی 44 ساڵیی شۆڕشدا خەڵک هاتوونەتەوە گۆڕەپانەکە تا بڵێن سەرکەوتنێکی دیکەی شۆڕش مسۆگەر بووە و ئەم پەیامە گرنگەش دەبێت بە هەمووان بگات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ خەڵک هاتوونەتەوە گۆڕەپانەکە تا پەیمانی خۆیان لە گەڵ ئیمام، ڕێبەری، شەهیدان و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی نوێ بکەنەوە.
ناوبراو وتی: لەم 44 ساڵەدا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە گەلی ئێران چەندە بەهێزن و توانا ناوخۆییەکانی ئێمە لە چ ئاستێکدایە، لە زۆر بواری وەک زانستی، تەکنۆلۆژیا، پزیشکی، بەرگری و …. ئێران لە پلەکانی باڵای ناوچەکە و جیهاندایە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: گەلی گەورەی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی شۆڕشی ئیسلامیدا دەستی ناپاکی دوژمنانیان ناسیوە و شانازییان خوڵقاندووە و پیلانەکانی دوژمنانیان ڕوبەڕوی شکست کردووەتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە دوژمنان وتی: لە کوێی ئەم جیهانە ئێوە ژیانتان بۆ خەڵک دابین کردووە، لە ئەفغانستان، عێراق، لوبنان، سوریا و …. چیتان بۆ خەڵک کردووە کە ئێستا بانگەشەی ئەوە بۆ خەڵکی ئێران دەکەن؟ ئێوە دەتانەوێت یەکڕیزی نیشتمانیی ئیران بکەنە ئامانج، ئەگەر دەتانەوێت قسەی گەلی ئێران ببیسن ئەمە کە ئەمڕۆ لە شەقام و گۆڕەپانەکانی وڵاتدا بوونیان هەیە و دەنگیان لە دژی ئێوە بەرز کردووەتەوە. بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی ئەم خەڵکە ئازادن، ژنانی ئێمە لە زۆر بوارەکان بە تایبەت لە زانکۆکان وەک مامۆستا و خوێندکار، لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئامادەبوونی بەرچاویان هەیە، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە باسی ژن و پێگەی ژن بکەین نەک ئێوە کە ژنتان وەک ئامرازێک بەکار هێناوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە دۆسیەی ناوەکیش ئێران خاوەن مافە و تا ئێستا ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ئەوەی سەلماندووە کە ئێران هیچ بەلاڕێداچوونێکی نەبووە، بەڵام ئێوە چەکی ناوەکی و قەدەغەکراوتان هەیە و تۆمەتبارن، ئێوە پێکهێنەر و پاڵپشتی داعشن و دژی گەلانی ناوچەکە بەکارتان هێنا بەڵام گەلی ئێران ڕوبەڕوی داعش بووەتەوە، ئێوە دەبێت لە بەرامبەر مێژوو و مرۆڤایەتی وەڵامدەرەوە بن.
ناوبراو وتی: ئەوانەی کە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەدا فریوی دوژمنانیان خواردووە بزانن کە ئامێزی گەل بۆ ئەوان کراوەتە، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لێخۆشبوونی گشتییان دەرکرد، هەمووان بەو ڕاستییە گەیشتوون کە دوژمنان هەوڵی فریوی گەنجانیان داوە و ئازادی و ژیان و بابەتەکانی دیکە تەنیا درووشم و بیانوو بووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: دوژمنان پاش شکستی شەڕی سەربازی ڕوویان هێنایە هەڕەشە و گەمارۆکان بەڵام خۆڕاگری گەلی ئێران بووە هۆی شکستی دووبارەی ئەوان و خۆیان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی گەلی ئێران شکستی هێناوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دیسانەوە هاوخەمی خۆیی بۆ گەلان و حکومەتەکانی سوریا و تورکیا بە بۆنەی کارەساتی بومەلەرزەوە ڕاگەیاند و وتی کە ئێمە کەسی ڕۆژانی تەنگانەین و لەم کارەساتەدا لە گەڵ برایانی خۆمان لە سوریا و تورکیا دەمێنینەوە./.