بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ ساڵیادی 19 ی ڕێبەندانی ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی (1979) و بەیعەتی مێژوویی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی لە گەڵ حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە)، ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ی شوبات، چاوپێکەوتنی سەدان کەس لە فەرماندەکان و فەرمانبەرانی هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بەڕێوەچوو.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا بە ڕوونکردنەوەی پیلانی دوژمنان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ناکۆکی و بێ متمانەیی ناوخۆییەوە، وتیان: گرنگترین ئەرک لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پیلانە ناپاکە، پاراستنی ستراتیژی یەکڕیزییە و بە یارمەتی خودای گەورە 22 ی ڕێبەندانی ئەمساڵ دەبێتە هێمای یەکڕیزی و متمانەی نیشتمانی و لە لایەن گەلەوە ئەم پەیامە بە ڕوونی دەگاتە دوژمنان و ناحەزان کە هەوڵەکانی ئەوان بۆ ناکۆکی و بێ متمانەکردن و لەناوبردنی یەکڕیزی نیشتمانی، شکستی هێناوە و پووچەڵ کراوەتەوە.
بەڕێزیان وتیان: 22 ی ڕێبەندان لوتکەی هەنگاوە پڕ لە شانازییەکەی گەلی ئێران و وەبیرهێنەری شکۆدارترین ڕۆژی مێژووی ئەم گەلەیە، لە بەر ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا شکۆ و گەورەیی خۆیان بە دەست هێنایەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لە سەر بەزیندوویی هێشتنەوەی 22 ی ڕێبەندان کردەوە و وتیان: شۆڕشی زیندوو، ئەو شۆڕشەیە کە لە هەر قۆناغێکدا بە ناسینەوەی پێداویستییەکان و مەترسییەکان، ئەوان چارەسەر و مەترسییەکان پووچەڵ بکاتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە داهێنان، پێشکەوتن، بەهێزبوون و لۆژیکی گەلی ئێران لە بوارە جیاجیاکان، وتیان: یەکڕیزی نیشتمانی ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هەبووە و قەڵغان و دیوارێکی بەهێز و بەرزە لە بەرامبەر دوژمنان و دەبێت ئەمڕۆ ئەم یەکڕیزییە زیاتر و بەهێزتر بکرێت.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە هۆکاری دوژمنایەتییەکان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران وتیان: کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم ناوچە گرنگ، ستراتیژی و بەسوودەی لە دەستی ئەوان دەرهێناوە و بەدەر لەوەش، بانگەوازی سەربەخۆی و پێنەدانی باجی بەو وڵاتانە، نەک تەنیا وەک پرسێکی سیاسی، بەڵکوو وەک بیر و بڕوایەکی ئائینی بەرز کردووەتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لە سەر گرنگی 22 ی ڕێبەندانی ئەمساڵ وەک هێمای یەکڕیزی نیشتمانی کردەوە و وتیان: ئامۆژگاری من بۆ خەڵکی ئازیزمان ئەوەیە کە هەوڵ بدەن ئەم ڕێپێوان و ڕۆژە گەورەیە بکرێتە ڕۆژی یەکڕیزی نیشتمانی و متمانەی ناوخۆیی و ئەم پەیامەش بە ڕاشکاوانە بە دوژمنان بگەێنن کە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی یەکڕیزی نیشتمانی لە ئێران شکستی هێناوە./.