بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ گەل و حکومەتی ئەو وڵاتە بە بۆنەی کارەساتی بومەلەرزەوە، وتی: ئێران و تورکیا دوو وڵاتی برادەر و دراوسێن و گەل و حکومەتی ئێران لەم کاتەدا لە گەڵ برایانی خۆیان لە گەل و حکومەتی تورکیا دەبن.
ناوبراو ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هاوکاریکردنی تورکیا ڕاگەیاند و هیوای ئەوەی خواست کە ئێش و ئازارەکانی گەلی تورکیا بە زووترین کات کەم ببێتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش وێڕای دەستخۆشی لە پەیام و هاوخەمییەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەم بومەلەرزە گەورەترین کارەساتی 50 ساڵی ڕابردووی تورکیا بووە./.