بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد ڕایگەیاند کە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی سوریا لە دۆخێکی دژواردان و خەڵکی سوریا پێویستان بە هاوکاری هەیە.
ناوبراو بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاند کە کەسارەتەکە گەورەیە، ئەوەی کە ئەم کارەساتەی قووڵتر کردووە، ئەوەیە کە سوریا سەرقاڵی شەڕی تیرۆریزم و لایەنگرانیەتی، سزا و گەمارۆکانیش ئەم کارەساتەی گەورەتر کردووە.
وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی هەوڵی ڕاکێشانی هاوکارییەکان دەدات و وتی: سەرۆک کۆمار بەشار ئەسەد هەموو هەوڵ و توانای حکومەتی بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێناوە.
فەیسەڵ مێقداد بە ئاماژە بەوەی کە سوریا لە ڕێگای باڵیۆزەکانەوە هەوڵی ڕاکێشانی هاوکاری دەرەکی دەدات، وتی: بەشێک لە وڵاتان هاوکارییان ناردووەتە سوریا بەڵام پێویست بە هاوکاری زیاترە و دەبێت وڵاتانی ئەورووپیش هاوکاری بکەن و هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان نابێت بە هۆی گەمارۆکانەوە ڕابگیرێت.
ناوبراو وتی: تیرۆریستان توانا و ئیمکانیاتی سوریایان لە ناو بردووە و گەمارۆکانی ئەمریکاش بووەتە هۆی ئەوەی کە سوریا لە هەموو شتێک تەنانەت کڕینی دەرمان بێبەش بکرێت./.