بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە بە گەورەترین کارەسات لە پاش بومەلەرزەکەی ساڵی 1939 ی تورکیا دادەنرێت.
ناوبراو وتی کە بۆ هاوکاریکردنی پارێزگارانی ئەو 10 پارێزگایە کە بومەلەرزەکەیان تێدا ڕووی داوە، 10 پارێزگاری دیکە دەستنیشان کراون.
ئەردۆغان ئاماری نوێی ڕووداوەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە تا ئێستا 912 کەس گیانیان لە دەست داوە و 5 هەزار و 385 کەسیش بریندار بوون.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار و 470 کەسیش لە ژێر دار و پەردوی خانووە ڕووخاوەکاندا ڕزگار کراون و 2 هەزار و 818 خانووش ڕووخاون.
ڕاشیگەیاند کە لە ڕێکخراوی ناتۆ، یەکێتی ئەورووپا و 45 وڵاتی دیکەوە پێشنیاری هاوکاری بە تورکیا پێگەیشتووە./.